یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ داوای سوپرایزەکەی لالیگا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
راهێنەرێکی تازەدەرکەوتووی لالیگا، سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێت و یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ دەیەوێت بیکاتە راهێنەری یانەکەی.
 
میشێل سانچێز، را‌هێنەری یانەی جیرۆنا، توانیویەتی یانەکەی بکاتە ئەسپی رەشی لالیگا و هاوشێوەی ریال مەدریدی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 48 خاڵە و بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەم دێت.

 

 

 

ئاستە ناوازەکەی یانەکەی وایکردووە سانچێز لەلایەن یانە گەورەکانی ئەوروپاوە چاودێری بکرێت، بەتایبەتی ئەو یانانەی لەم وەرزەدا ئاستیان وەک پێویست نییە و دەیانەوێت راهێنەرەکانیان دووربخەنەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی لە ریزی پێشەوەی ئەو یانانە دێت کە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ سانچێزدا بکەن و دەیانەوێت شوێنی ئێدی هاوی را‌‌هێنەری ئێستای یانە ئینگلیزییەکە بگرێتەوە. 
 
لەم وەرزەدا قەیرانێکی قورسی پێکان بەرۆکی یانەکەی ئێدی هاوی گرتووە، لە چامپیۆنزلیگدا لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی هات و ماڵئاوایی کرد، لە پرێمەرلیگیش لە پلەی نۆیەمە و دوو یاریی داهاتووی لە خولەکە بەرامبەر مانچێستەر سیتیی پلەی دووەم و ئاستن ڤێلای پلەی سێیەمی خولەکەیە و پێدەچێت یارییەکانی داهاتوو دۆخەکە بۆ ئێدی هاو قورستربکات. 
 
میشێل سانچێز، ساڵی 2021 پەیوەندی بە جیرۆناوە کرد و هەر لە یەکەم وەرزیدا توانی یانەکە لە خولی پلە یەکەوە بۆ لالیگا سەربخات، لەم وەرزەدا یانەکەی ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکات و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دێت.