ڤیدیۆ؛ سێریا ئەی لەگەڵ دەستپێکردنەوە گڕدەگرێت

04-01-2023
ئیحسان تاهیر
ئینتەرمیلان - ناپۆلی 22:45
ئینتەرمیلان - ناپۆلی 22:45
نیشانەکردن ئینتەرمیلان ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خولی ئیتاڵیا دوای وەستانی لە ماوەی مۆندیالدا، ئەمڕۆ دەستپێدەکاتەوە و یارییەکی لووتکە ناونیشانی دەبێت، کە ئینتەرمیلانی پێنجەمی ریزبەندیی میوانداری ناپۆلیی پێشەنگ دەکات.
 
دوای دۆڕانی پاریس سانجێرمان بەرامبەر لانس، ناپۆلی تاکە یانەی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپایە کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا نەدۆڕاوە، بۆیە تیپەکەی لوسیانۆ سپالێتی، کە لە 15 گەڕدا 13 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا لە دوو یارییدا یەکسان بووە، نایەوێت لە بەرامبەر گەورەکانی سێریا ئەیدا ئەوەندە بەئاسانی خۆی بەدەستەوە بدات، چونکە ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا باشی هێناوە و دەیەوێت رۆژانی سەردەمی مارادۆنا بگەڕێنێتەوە.
 
دوایین بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا لەلایەن ناپۆلییەوە بۆ وەرزی 1989-1990 دەگەڕێتەوە کاتێک دیێگۆ مارادۆنا ئەستێرەی تیپەکە بوو، واتا 33 ساڵە هاندەرانی ئەو شارە چاوەڕێی ئەوەن جارێکی دیکە بتوانن ئاهەنگ بۆ بردنەوەی نازناوی خولی وڵاتەکەیان بگێڕن.
 
ئینتەرمیلان کە ئەم وەرزە سەرەتایەکی خراپی هەبوو، لە دوایین دوو یاری بەر لە وەستان بەهۆی مۆندیالەوە، دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەیەوێت بە بردنەوە لە گەورەی سێریا ئەی بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە، کە ئەم وەرزە لە 15 یارییدا 5 جار دۆڕاوە و 10 یاریشی بردووەتەوە، هیچ یارییەکی بە یەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.
 
ئەوەی جێگەی مەترسییە لە نیراتزۆرێ، خراپی هێڵی بەرگرییەکەیە، کە لە 15 یارییدا 22 گۆڵی لێبووە، کە هیچ یانەیەکی 10 پلەی یەکەمی ریزبەندیی ئەوەندە گۆڵەی لێنەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەرامبەر بەهێزترین هێڵی هێرشبردن یاری دەکەن، کە ناپۆلییە و37 گۆڵی تۆمارکردووە، واتا لە هەر یارییەکدا رێژەی گۆڵکردنی ئەو تیپە نزیکەی دوو گۆڵ و نیوە.
 
پێدەچێت لاوتارۆ مارتینێزی پاڵەوانی مۆندیال بەشێک بێت لە یارییەکەی بەرامبەر ناپۆلی. هەروەها رۆمیلۆ لوکاکو دەگەڕێتەوە دوای سەرەتایەکی سەخت بەهۆی پێکانەوە، کە تەنیا چوار یاری ئەنجامداوە و لە خولی ئیتاڵیا گۆڵێکی تۆمارکردووە، بەڵام مارسێلۆ برۆزۆڤیچ ئامادەنییە و پێشبینی دەکرێت بۆ جامی سوپەری ئیتاڵیا بەرامبەر میلان بگەڕێتەوە، کە یارییەکە لە 18ـی ئەم مانگە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
 
هەرچۆنێک بێت ئەمە دواهەلی ئینتەرمیلان دەبێت بۆ ئەوەی هیواکانی بهێڵێتەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی سێریا ئەی، بەڵام ئەگەر ناپۆلی توانی فۆڕمی خۆی بپارێزێت دەتوانێت کۆتایی بە خەونەکانی تیپەکەی ئینزاگی بهێنێت.
 
یارییەکانی ئەم گەڕەی سێریا ئەی:
 
سالێرنیتانا - میلان 14:30
ساسۆلۆ - سامپدۆریا 14:30
سپێزیا - ئاتالانتا 16:30
تۆرینۆ - هێلاس ڤێرۆنا 16:30
لیچی - لازیۆ 18:30
رۆما - بۆلۆنیا 18:30 
کرێمۆنێزی - یوڤێنتوس 20:30
فیۆرێنتینا - مۆنزا 20:30
ئینتەرمیلان - ناپۆلی 22:45
ئۆدینێزی - ئیمپۆلی 22:45
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە