ڤیدیۆ: سێڤییا 2 خاڵی له‌ده‌ستدا و ڤایادۆلید و لێگانیسیش یه‌كسانبوون

04-01-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاتلێتیك بیلباو سێڤییا
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

یه‌كه‌م دوو یاری گه‌ڕی 19ی لالیگا به‌ یه‌كسانبوون كۆتاییهاتن، كه‌ ڤایادۆلید و لێگانیس به‌ 2 گۆڵ وه‌كهه‌ڤبوون و یاری سێڤییا و ئاتلێتیك بیلباویش به‌ ئه‌نجامی گۆڵێك بۆ هه‌ردوولا كۆتاییهات.

له‌ یه‌كه‌م یارییدا ڤایادۆلید میوانداری لێگانیسی كرد و هه‌ر له‌ خوله‌كی 4 گۆڵێكی لێكرا له‌ لایه‌ن مارتن بریسویتی یاریزانی لێگانیسه‌وه‌، به‌ڵام دوای 4 خوله‌ك ئێنیس ئۆنال ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ڤایادۆلید یه‌كسانكرده‌وه‌.

رۆكی مێسا له‌ خوله‌كی 13 جارێكی دیكه‌ تیپی میوانی پێشخسته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش ئێنیس گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌ خوله‌كی 79 گۆڵی یه‌كسانبوونی بۆ تیپی خاوه‌ن یاریگه‌ به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌.

له‌ یاری دووه‌مدا، ئاتلێتیك بیلباو بووه‌ میوانی سێڤییا و یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك كۆتاییهات، كه‌ سه‌ره‌تا بیلباو ده‌ستپێشخه‌ر بوو، كه‌ له‌ خوله‌كی 15دا ئاندێر كاپا گۆڵی یه‌كه‌می بۆ تۆماركرد.

له‌نیوه‌ی دووه‌مدا سێڤییا باشتر یاریكرد و له‌ خوله‌كی 60 ئۆنای نۆنێزی یاریزانی ئاتلێتیك بیلباو به‌ هه‌ڵه‌ گۆڵێكی بۆ سێڤییا له‌ تۆڕی گۆڵه‌كه‌یان كرد و یارییه‌كه‌ به‌ گۆڵێك و به‌ خاڵێك بۆ هه‌ردوولا كۆتاییهات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە