نیستەلڕۆی: رۆیشتن لە مانچێستەر یونایتد زۆر ئازاری دام


رووداو دیجیتاڵ

رۆد ڤان نیستەلڕۆی، یاریدەدەری پێشووی راهێنەری مانچێستەر یونایتد، بێئومێدیی خۆی بەرامبەر کۆتاییهاتنی کاتی کارکردنی وەک راهێنەر لە یانەی مانچێستەر یونایتد دەربڕی.
 
نیستەلڕۆی کە یاریدەدەری ئێریک تین هاگی راهێنەربوو، لە دوای دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی، بۆ چوار یاریی سەرپەرشتی تیپەکەی کرد و ئاستێکی باشی پێشاندا، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی رۆبین ئامۆریم، بەڕاهێنەری نوێی یانەکە، ئەو کارەکەی بەجێهێشت.
 
نیستەلڕۆی لە چوار یارییدا سەرپەرشتی یونایتدی کرد و دووچاری شکست نەبوو. دوای رۆیشتن لە یونایتد، بەڕاهێنەری نوێی یانەی لێستەر سیتی دەستنیشانکرا.
 
نیستەلڕۆی بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "هەستم بەبێئومێدییەکی زۆر کرد، بەڵێ زۆر. کارەکە زۆر ئازاربەخش بوو، چونکە ناچاربووم یانەکە بەجێبهێڵم".
 
لێستەر سیتی، ئەمشەو لە یەکەم یاریدا لەلایەن نیستەلرۆیەوە سەرپەرشتی دەکرێت کاتێک میوانداریی وێستهام دەکات لە یاریگەی خۆیدا.
 
نیستەلڕۆی زیاتر دەڵێ، "تاکە پۆستی یاریدەدەری راهێنەر کە ئامادەبووم لە دونیادا قبووڵی بکەم، یاریدەدەری راهێنەری مانچێستەر یونایتد بوو، چونکە لە یانەکە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ خەڵک و هاندەران هەبوو. بەڵام لە کۆتاییدا لە بڕیارەکەی راهێنەری نوێ تێگەیشتم".
 
نیستەلڕۆی یەکێکبووە لە هێرشبەرە سەرکەوتووەکانی مێژووی مانچێستەر یونایتد، پێنج ساڵ یاریی بۆ یانەکە کردووە و 150 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئەو لەبارەی وردەکاریی قسەکردنی لەگەڵ راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد دەڵێ، "لەگەڵ رۆبین قسەمکرد، قسەکانمان پێزانین و دوو کەسی لێکتێگەیشتوو بوو، هەروەها قسەی راهێنەر بۆ راهێنەر بوو، قسەکانی ئەو زۆر هاوکاریی کردم لە هەنگاونان و چوونە ناو دانوستاندنەوە بۆ ئەوەی ورەم بەرزبێتەوە و دەستبەکار بکەمەوە".
 
بەر لە دەستبەکاربوونی ئامۆریم، میدیاکان پێشبینییاندەکرد، نیستەلڕۆی لە دەستەی مەشقدەرانی یونایتد بمێنێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا کارەکە بەرۆیشتنی ئەو لە یانەکە، کۆتایی هات.