رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەر ناسراو بە 'فیفپرۆ' جارێکی دیکە ململانێی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە رێگەی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی ساڵ، نوێکردەوە.
فیفپرۆ، بارەگاکەی لە هۆڵەندایە و بەرپرسە لە بەرگریکردن لەسەرجەم یاریزانانی پیشەگەری ئەندام لە فیدراسیۆنەکە لە جیهاندا، لیستی کۆتایی بەربژێرانی باشترین پێکهاتەی ساڵی بڵاوکردەوە و لە نێو لیستەکەدا ناوی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی نەسڕی سعودی، بوونیان هەیە.
لیستی کۆتایی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەر لە 26 یاریزان پێکهاتووە، جگە لە مێسی و رۆناڵدۆ، 24 یاریزانی دیکە لە خۆ دەگرێت.
لیستی 'فیفپرۆ وۆرڵد 11' جارێکی دیکە رکابەریی نێوان مێسی و رۆناڵدۆی زیندووکردەوە، لە کاتێکدا لە دوو ساڵی رابردوودا، ئەو دوو ئەستێرەیە پێکەوە لە لیستی هیچ خەڵات و پێکهاتەیەکدا نەبوون.
ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییەی فیفپرۆ بەبراوەکەی دەدات، تاکە خەڵاتە پشت تەنیا بەدەنگی یاریزانانی پیشەگەر دەبەستێت و زیاتر لە 28 هەزار یاریزانی پیشەگەر لە 70 دەوڵەتی جیاواز، مافی دەنگدان بە 'باشترین پێکهاتەی ساڵ'یان هەیە.
بڕیارە رۆژی 9ی ئەم مانگە، فیفپرۆ ناوی یاریزانە براوەکانی نێو پێکهاتەکە ئاشکرا بکات.
ئەو یاریزانانەی دەنگدەدەن، بۆیان هەیە دەنگ بە یەک گۆڵپارێز، سێ بەرگریکەر، سێ ناوەڕاستکار و سێ هێرشبەر بدەن کە دەکاتە 10 یاریزانی نێو پێکهاتەکە و ئەو یاریزانەی دەمێنێتەوە بە زۆرینەی دەنگ بەباشترینی ساڵ دەستنیشاندەکرێت.
مێسی و رۆناڵدۆ لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی دیکەی گەورەدا رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن. بەڵام لیستەکەی فیفپرۆش لەپاش ئاشکرابوونی، مشتومڕی گەورەی دروستکردووە.
بەربژێران بۆ هێڵی هێرشبەری پێکهاتەکە بریتین لە، ئێرلینگ هالاند، هاری کەین، کیلیان ئێمباپێ، کۆڵ پاڵمەر، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و لامین یامال.
لیستەکە ناوی چەندین هێرشبەری کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان تێدانییە کە ساڵی رابردوو رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە، لە نێویاندا محەمەد سەڵاح، رۆدریگۆ، لاوتارۆ مارتینێز و چەندانی دیکەش.
بەربژێران بۆ باشترین گۆڵپارێزی پێکهاتەکە بریتین لە ئیمیلیانۆ مارتینێز، ئیدێرسن و مانوێل نۆیەر.
لە بەرگریدا، هەریەکە لە دانی کارڤاخال، رۆبین دیاز، ڤێرجل ڤان دایک، جیریمی فریمپۆنگ، ئانتۆنی رۆدیگێر، ویلیام سالیبا و کایڵ واکەر، رکابەریی لەسەر باشترین بەرگریکەرانی نێو پێکهاتەکە دەکەن.
لە هێڵی ناوەڕاستدا، هەریەکە لە جود بێلینگهام، کیڤن دیبرۆین، فیل فۆدن، تۆنی کرووس، لوکا مۆدریچ، جەمال موسیالا، رۆدری و فیدریکۆ ڤاڵڤێردی بەربژێرن.
لیستەکەی فیفپرۆ هەروەها هیچ یاریزانێکی خولی ئیتاڵیا، هەروەها یاریزانانی کیشوەرەکانی ئەمریکای باشوور و ئەفریقیا لەخۆ ناگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ