لامین یامال ماڵی رەگەزپەرستەکانی مەدریدی وێرانکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمیی تەمەنی لامین یامال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، سزای کەسە رەگەزپەرستەکانی هاندەری ریال مەدرید قورستر کرا.
 
لە یاریی کلاسیکۆی نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە لە هەفتەی یانزەی لالیگا ئەنجامدرا و بارسێلۆنا بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، ژمارەیەک هاندەری ریال مەدرید، قسەی رەگەزپەرستانەیان بەرامبەر لامین یامال و چەند یاریزانێکی دیکەی بارسێلۆنا کرد.
 
لە دوای رووداوەکە، پۆلیسی ئیسپانیا گەڕانی بەدوای کەسەکاندا دەستپێکرد و ریال مەدریدیش لە بڵاوکراوەیەکدا بەفەرمی دژی هەڵسوکەوتی ئەو هاندەرانە وەستایەوە.
 
دوای لێکۆڵینەوەکان، پۆلیسی ئیسپانیا چەند کەسێکی دەستنیشانکرد کە رەگەزپەرستییان بەرامبەر لامین یامال و یاریزانەکانی دیکەی بارسێلۆنا کردبوو.
 
سەرچاوەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دادگای مەدرید بڕیاریداوە سزای ئەو کەسانە تووندتر بکات کە لە رەگەزپەرستییەکەوە گلاون.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، تۆمەتبارەکان بەسووکایەتی و هێرش و قسەکردن بە یامال و ئانسۆ فاتی، جۆری سزاکەیان زیادکراوە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، لەبەرئەوەی لامین یامال تەمەنی خوار 18 ساڵە و رەگەزپەرستی بەرامبەر کراوە، هەر بۆیە سزای دارایی سەپێنراو بەسەر هەریەک لەو کەسانە، لە چوار هەزار یۆرۆوە بەرزکراوەتەوە بۆ پێنج هەزار یۆرۆ.
 
دادگا گوتوویەتی، حەوت کەس تۆمەتەکەیان بەسەردا ساخ بووەتەوە، هەر یەکێک لەوانە جیا لە بژاردنی ئەو بڕە پارەیە، بۆ ماوەی 12 مانگ، لە چوون و دەرکەوتن لە هەر یاریگەیەک قەدەخە دەکرێن.
 
لامین یامال لە یارییەکەی کلاسیکۆدا ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و گۆڵی سێیەمی یانە کەتەلۆنییەکەی تۆمارکرد.