رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ یاریی لەسەریەک بەبێ بردنەوە، ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
ئەمشەو لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕێکی نوێی خولی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دوای ئەوەی لە سێ یاریی رابردوودا، بەرامبەر ریال سۆسیداد، سێلتا ڤیگۆ و لاس پاڵماس نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا یاری دەکات.
بارسا دەیەوێت کۆتایی بە نیگەرانییەکانی هاندەرانی بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی نەکەوێتەوە دۆخێکی خراپەوە.
لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا، دانی ئۆلمۆ راهێنانی کردووە، بەڵام زەحمەتە بتوانێت بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، ئەلیخاندرۆ بالد و رۆناڵد ئاراوخۆش گەڕاونەتەوە، بالدێ ئامادەیە و ئاراوخۆ تاوەکو ئێستا رێگەی یارییکردنی پێنەدراوە.
بارسێلۆنا لە 2009ـەوە هیچ یارییەکی لە یاریگەی ریال مایۆرکا نەدۆڕاندووە، نایەوێت ئەمشەویش بدۆرێت، چونکە دۆڕان لە یارییەکەدا کێشەکانی یانەکە زیاتر دەکات و پێشەنگی ریزبەندیش دەکەوێتە مەترسییەکی زۆرەوە.
هانز فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە دەڵێت "بابەتەکە پەیوەندیی بە ئێمەوەیە کە سەردەکەوین یان دەدۆڕێین، شتە نەرێنییەکە ئەوەیە ئێمە توانای رەخساندانی هەلمان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە یاری ناکەین، ئەمە ئەوە شتەیە کە دەبێت لێیەوە فێرببین، بەڵام تیپێکەمان گەنجە و یاریزانەکانمان گەنجترین یاریزانی خولی ئیسپانیان و ئێمەش فێر دەبین."
راهێنەری بلاوگرانا لەبارەی ئاستی تیپەکەی زیاتر قسەیکرد و گوتی "تیپەکە هەوڵدەدات یاری بکات، بەڕاستی ئێمە لە دوایین یاریی کۆتایی هەفتەدا، بەرامبەر لاس پاڵماس زیاتر لە 70٪ کۆنتڕۆڵی تۆپمان کردبوو و ئەوە شێوازی یاریکردنی ئێمەیە، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا لە تۆپی پێدا هەژمار دەکرێت گۆڵەکانن، لە دوایین یارییەکانی خولی ئیسپانیادا وەکو پێویست گۆڵمان نەکردووە، ئەمە دۆخێکە پێویستە گرنگی پێبدەین و سەرنجی لەسەر دابنێنین بۆ ئەوەی تیپەکە باشتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ