یانەی هەولێر بەرەو نازناوێکی مێژووی هەنگاو دەنێت
رووداو هەولێر
یانەی هەولێر بۆ یەکەمجار یاریی جامی سوپەری عێراق ئەنجامدەدات و دەیەوێت نازناوەکە بباتەوە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە کاژێر 16:00ـی ئێوارە لەنێو هۆڵی شەعب لە شاری بەغدا، لە یاریی جامی سوپەری عێراق، یانەی غازی جنووب پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق یاری لەگەڵ یانەی هەولێری خاوەن پلەی دووەم بکات.
یانەی هەولێر مانگێکە لەنێو راهێنانێکی چڕدایە، تیپەکە بەسەرپەرشتی کاکەجوان رەمەزان راهێنەری کورد دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و نازناوەکە بهێنێتەوە شاری هەولێر.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکانی تیپەکەمان زۆر باشن و هیچ کەموکوڕییەکمان نییە، بە موڕاڵێکی بەرز دەمانەوێت نازناوی جامی سوپەری عێراق ببەینەوە".
وەرزی رابردوو هەریەک لە محەممەد کەریم و هاومەند فەتاح دوو باشترین یاریزانی درێس زەردەکان لە خولی نایابی بالەی عێراق بوون، لە وەرزی نوێدا هاومەند فەتاح چووەتە ریزی یانەی شورتە، محەممەد کەریم وەک یاریزانێکی پیشەگەر چووەتە خولی کوێتی.
راهێنەری یانەی هەولێر زیاتر روونیکردەوە "رۆیشتنی دوو یاریزانی کاریگەرمان بۆشایی لە تیپەکەدا دروستکرد، بەڵام دوو یاریزانی دیکەمان هێناوە و دەمانەوێت شوێنی ئەوان پڕ بکەینەوە".
یانەی غازی جنووب، تیپێک کە پڕ لە یاریزانانی هەڵبژاردەی بالەی عێراقە، خاوەن 8 نازناوی خولی نایابی عێراقە و سێ نازناوی جامی سوپەری عێراقی بردووەتەوە، تیپەکە سێ هەفتەیە لەنێو راهێنان و ئامادەکارییە.
عەلا خەلەف، راهێنەری یانەی غازی جنووب، لەبارەی ئاستی تیپەکەی بۆ یاریی جامی سوپەر بۆ رووداو، گوتی "دەزانم یارییەکە ئاسان نییە، بەڵام تیپەکەم پڕ لە یاریزانی ئاستبەرزە و دەمانەوێت درێژە بە ئەنجام و دەسکەوتە باشەکانمان لە یاریی بالە بدەین".
باشترین ئەنجامی یانەی هەولێر لە یاریی بالەدا لەسەر ئاستی عێراق، بەدەستهێنانی یەک نازناوی خولی نایابی عێراقە لە وەرزی 2007-2008 بووە.