رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداودا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی دهۆک بە نوێنەرایەتی کوردستان و عێراق رووبەڕووی یانەی نەسری ئیماراتی دەبێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی جامی کەنداو بۆ یانەکان و لە دووەم یاریی نێوانیاندا، بۆ یەکەمجار دهۆک لە ئیمارات بەرامبەر یانەی نەسڕ یاری دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر، هەردوو یانە لە دهۆک بەرامبەر یەکدی یارییانکرد و هەردوولا بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، ئێستا نەسڕ خاوەنی 7 خاڵە و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەمە، دهۆک لە پلەی دووەمە و خاوەنی 5 خاڵە.
بەر لە یارییەکە مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک گوتی "ئێستا هەردووکمان یەکدی دەناسین، چەند گۆڕانکارییەکی کەم لە پێکهاتەکەماندا دەکەین و ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە."
دهۆک یەکەمجارە لە ئیمارات بەرامبەر یانەیەکی ئیماراتی یاری دەکات و نەسڕ بووە یەکەم یانەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی یانە کوردستانییەکە ببێتەوە.
دهۆک دوو رۆژە لە دوبەیە، رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
کاژێر 17:00 یارییەکە لە یاریگەی مەکتووم بەڕێوەدەچێت، نەسڕ یەکێکە لە یانە دیار و بەنێوبانگەکانی ئیمارات و ئاسیا و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە سەرکەوتنی خۆی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەربکات، دهۆکیش چاوی لە ئەنجامدانی سوپرایزە و بەبردنەوەی یارییەکە هەلێکی زۆر گەورەی دەبێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
پێکهاتەی ئێستای یانەی نەسڕ نرخەکەی 24.38 ملیۆن یۆرۆیە، بەهای پێکهاتەی یانەکە نزیکەی 7 هێندەی بەهای پێکهاتەی یانەی دهۆکە، لە کاتێکدا بەهای پێکهاتەی یانە کوردستانییەکە 4.10 ملیۆن یۆرۆیە.
دهۆک لە سێ یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و نایەوێت ئەمڕۆش یارییەکەی بدۆڕێنێت، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و دوور لە هاندەرانی یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ