رووداو دیجیتاڵ
گەڕێکی نوێ لە زنجیرەی ململانێ یاساییەکانی نێوان کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی ریال مەدریدی ئیسپانی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەستیپێکرد.
ئێمباپێ هاوینی ئەمساڵ بێبەرامبەر لە سانجێرمانەوە روویکردە ریال مەدرید، پاشئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە.
کیلیان سکاڵای لەسەر پاریس سانجێرمان تۆمارکردبوو بەوەی بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی لای یانە فەرەنسییەکەیە وەک مووچە و پاداشت، بەڵام وەرینەگرتووە.
لیژنەی یاسایی دەستەی سەرپەرشتیاری خولی فەرەنسی، فەرمانیدابوو کە سانجێرمان ئەو بڕە پارەیە بداتە ئەستێرەکەی پێشووی، بەڵام یانەکە سوورە لەسەر نەدانی پارەکە.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ، کێشەکەی لەگەڵ یانەکە زیاتر تووندکردووە، پاشئەوەی دۆسێیەکەی بردووەتە بەردەم لیژنەی رێککاری دەستەی سەرپەرشتیاری خولی فەرەنسا، چونکە وەکئەو رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی خۆی وەرنەگرتووە.
بڕیارە رۆژی 11ی ئەم مانگە، لیژنەکە لە کۆبوونەوەیەکدا، بڕیار لەبارەی دۆسێیەکەوە بدات.
ریشەی کێشەی نێوان هەردوولایەن بۆ مانگی هەشتی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، پاشئەوەی هەردوولا رێکەوتن لەسەرئەوەی کە وەک میدیاکان دەڵێن، ئێمباپێ رازیبوو لە 55 ملیۆن یۆرۆ لە شایستە داراییەکانی خۆی خۆش ببێت، ئەگەر یانەکە رێگەی بدات بەخۆڕایی بڕوات.
ئێمباپێ ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ مافی خۆمە ئەو پارەیە وەربگرم، هەر بۆیە لە چەندین دامەزراوەی جیاوازە، دۆسێی لە دژی پاریس سانجێرمان کردووەتەوە.
سانجێرمان لای خۆیەوە ئامادەنییە پارەکە بدات، چونکە وەکئەوان دەڵێن، رێکەوتنی زارەکییان لەگەڵ ئێمباپێ کردووە لەوبارەیەوە.
بەپێی یاساکانی فەرەنسا، ئەگەر پاریس سانجێرمان ئەو بڕە پارەیە نەداتە ئێمباپێ، یانەکە رووبەڕووی سزادان دەبێتەوە، لە بێبەشکردن لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی نوێ، یان سزادانی قورستر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ