شەوێکی پڕ لە یاری بەهێز و سەرنجڕاکێش لە ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی یارییەکانی ئەم گەڕەی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا، ئەمشەو چەندین یاری بەهێز و سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبینێت.
مانچێستەر سیتی vs تۆتێنهام
لە یاریی لووتکەی گەڕی 14ـی پرێمەرلیگ، ئەمشەو کاژێر 19:30 یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری تۆتێنهام دەکات.
مانچێستەر سیتی پاڵەوانی سێ وەرزی پێشووی خولەکە لەم وەرزەدا ئاستە جێگیرەکەی لەدەستداوە، دوایین دوو یاریی یانەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات و چوار خاڵی گرنگی لەدەستدا، ئارسیناڵیش ئەم هەلەی قۆستەوە و بە دوو بردنەوەی یەك لە دوای یەك پێشەنگی پرێمەرلیگی بە مانچێستەر سیتی چۆڵکرد.
سیتیزنس بۆ ئەم یارییە گووشارێکی زۆری لەسەرە بە تایبەتی کە دوو یارییە لە پرێمەرلیگ تامی سەرکەوتنی نەکردووە و ئارسیناڵی رکابەریشی یارییەکەی خۆی لە دژی ۆڵڤەرهامپتن بردووەتەوە، بۆیە مانچێستەر سیتی دەبێت یارییەکەی ئەمشەوی دژی تۆتێنهام بباتەوە بۆ ئەوەی لە رکابەری ئارسیناڵ دانەبڕێت و جیاوازییەکەی نێوانیان بۆ خاڵێك کەمبکاتەوە.
سەبارەت بە تۆتێنهام، یانەکە بە ئاستێكی ناوازەوە دەستی بەم وەرزە کرد و توانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك پێشەنگی پرێمەرلیگ بگرێت، بەڵام یارییەکەی دژی چێڵسی لە گەڕی 11ـی پرێمەرلیگ وەرزەکەی بۆ سپێرز سەراوژێڕکرد، کاتێك یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 دۆڕاند هەریەکە لە ڤان دی ڤێن و جەیمس مادیسنی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا، دواتر دوو دۆڕانی لەسەریەك لە دژی ۆڵڤەرهامپتن و ئاستۆن ڤێلا وای لە سپێرز کرد بەم دۆخەی ئێستای بگات کە لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و حەوت خاڵ لە پێشەنگەوە دوورە.
بارسێلۆنا vs ئاتلێتیکۆ مەدرید
لە گەڕی 15ـی لالیگادا و لە یارییەکی دیکەی سەرنجراکێش و بەهێزدا، ئەمشەو کاژێر 23:00 یانەی بارسێلۆنا میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
دوای بردنەوە گرنگەکەی دژی پۆرتۆ و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنا سەرنجی خۆی دەخاتەوە سەر لالیگا و دەیەوێت بە بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید سێ خاڵی گرنگ بەدەستبهێنێت و بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی سەرکەوێت.
یانە کەتەلۆنییەکە لەم وەرزەی لالیگادا، لە 14 یاریدا نۆ بردنەوە، چوار یەکسانبوو و یەك شکستی هەیە و بە 31 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێت، تاکە دۆڕانی یانەکەش لە دژی ریال مەدریدی پێشەنگی لالیگا هات کاتێك لە گەڕی 11ـی خولەکە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی یانەی شاهانە کۆتایی هات.
سەبارەت بە ئاتلێتیکۆ مەدرید، یانەکە بە دۆخێکی باشدا تێپەڕدەبێت و بەهەمان شێوەی بارسا 31 خاڵی هەیە و بە جیاوازی گۆڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتووە، بەڵام ئاتلێتیکۆ یارییەك کەمتریشی ئەنجامداوە.
ئاتلێتیکۆ دوایین چوار یاری خۆی لە گشت پاڵەوانێتییەکان بردووەتەوە و تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەکە بەتەواوی یاریزانەکانییەوە ئامادەیە و دەیانەوێت بەبەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە لە رکابەرییەکانی پێشەنگی خولەکە بەردەوامبن.
ناپۆلی vs ئینتەرمیلان
لە یاری لووتکەی گەڕی 14ـی سێریا ئەی، یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا دەبێتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ناپۆلی و ئینتەرمیلان.
ناپۆلی نەیتوانیوە هەمان ئاستی وەرزی رابردوو پێشکێشبکات و تەنیا لە 13 یاریدا تووشی سێ شکست هاتوون، لە کاتێکدا بە درێژایی وەرزی رابردووی خولەکە تەنیا چوار شکستیان هەبوو و توانیان بۆ سێیەمین جار لە مێژووی خۆیاندا نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستبهێنن.
دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی رابردوو و ناپۆلی توانی بە ئەنجامی 3-1 یارییەکە بباتەوە، بەڵام لەو کاتەوە ئاستی هەردوو یانە گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی یارییەکی تەواو جیاواز دەکرێت.
ناپۆلی دەیەوێت بەبەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە خۆی لە سێ پلەی پێشەوەی ریزبەندی نزیك بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەرکی قورسە و رووبەڕووی پێشەنگ دەبێتەوە، ناپۆلی دەیەوێت سوود لە هاندەرانی وەرگرێت بە تایبەتی کە بە درێژایی سەدەی 21 لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئینتەرمیلان تەنیا یەك جار تامی شکستی کردووە.
ئینتەر میلان بە ئاستێکی ناوازەوە دەستی بەم وەرزە کردووە و لە خولی ئیتاڵیدا تەنیا یەك دۆڕانی هەیە، لە دوایین یاریشیدا توانی کەسایەتی بەهێزی خۆی نێشان بدات کاتێك لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی بێنفیکا بووەوە و توانی لە ئەنجامی 3-0 بگەڕێتەوە و یارییەکە یەکسانبکاتەوە.
ئینتەر بە گووشارێكی زۆرەوە دێتە ئەم یارییەوە، یوڤێنتۆسی رکابەری یانەکە دوای بردنەوەی لە مۆنزا توانی بۆ پێشەنگی ریزبەندی سەرکەوێت و بە شێوەیەکی کاتی پێگەکە بە ئینتەر چۆڵبکات، بۆیە نیرازۆری دەیەوێت بە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بگەڕێتەوە پێشەنگی خولەکە و لە رکابەری نازناوەکە بەردەوامبێت.
بایر لیڤەرکوزن vs بۆروسیا دۆرتموند
لە یاری لووتکەی گەڕی 13ـی خولی بوندێسلیگا، ئەمشەو کاژێر 19:30یانەی بایر لیڤەرکوزن لە یاریگەی بای ئارێنا میوانداری بۆروسیا دۆرتموند دەکات.
لیڤەرکوزن بە ئاستە ناوازەکەی ئەم وەرزەی جیهانی سەرسام کردووە، یانەکە لە دوایین یاریی خۆیدا لە بوندێسلیگا توانی بە ئەنجامی 3-0 لە ڤێردەر برێمەن بباتەوە و بردنەوەی ژمارە 11ـی لە خولەکەدا بەدەستبهێنێت.
لیڤەرکوزن لەم وەرزەدا لە 12 یاریدا، 11 بردنەوە و یەك بەرامبەربوونی هەیە و بە 34 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ دەیەوێت لە زنجیرە سەرکەوتنەکانی بەردەوامبێت و نایەوێت هیچ خاڵێك لە دەستبدات، بە تایبەتی کە بایرن میونشنی رکابەری تەنیا دوو خاڵ لێیەوە دوورە و بەردەوامە لە گووشار خستنە سەری.
بۆروسیا دۆرتمۆند لە چامپیۆنزلیگدا دۆخی باشە و دوای بردنەوەی دوایین یاری خۆی لە ئەیسی میلان توانی بلیتێکی قۆناخی 16ـی خولەکە بۆخۆی مسۆگەربکات، بەڵام یانەکە نەیتوانیوە هەمان ئاست لە بوندێسلیگادا پێشکێش بکات و لەم وەرزەی خولەکەدا لە 12 یاریدا حەوت بردنەوە، سێ یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە و بە 24 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە دێت، بۆیە دەیەوێت بەبەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بۆ پلەی چوارەم سەرکەوێت و لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دانەبڕێت.