بارسا و ئاتلێتیکۆ یاریی لووتکە دەکەن و هەمووان چاوەڕێی فێلیکس دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەنجامدەدرێ و جواو فێلیکس، ئەستێرەی پۆرتوگالی رووبەڕووی یانەکەی پێشووی دەبێتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی لالیگا، لە سەر یاریگای مۆنچویک، یانەی بارسێلۆنا میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و دیگۆ سیمیۆنی دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە یاریگەی بارسادا لە یانە کەتەلۆنیەکە بباتەوە.
 
جواو فێلیکس، دوای ئەوەی بە خواستن لە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید پەیوەندیی بە یانەی بارسیلۆناوە کرد، ئەمشەو رووبەڕووی هاوڕێکانی دەبێتەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێکی یاریزانەکانی رۆخی بلانکۆس بەشێوەیەکی جیاواز لەبارەی جواو فێلیکسەوە قسەیان کرد، یاریزانە پۆرتوگالییەکەش ئەوەی بەدڵ نەبوو.
 
ئانتوان گریزمان کە پێشتر بۆ بارسێلۆناش یارییکردووە،  لە دیمانەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: جواو دەیزانی تیپەکە چۆنە و راهێنەرەکە چی دەوێت، ئەو زۆر بەباشی هەوڵیدا، بەڵام لەسەری پێویست بوو کە ئاستی جێگیر بێت.
 
هەروەها یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی یانەکە لەبارەی یاریزانە پۆرتوگالییەکەوە گوتی: ئەو دەبێت لە یاریگا بیسەلمێنێت کە یاریزانێکی باشە و سوودی هەیە بۆ یانەی بارسێلۆنا.
 
لە وەڵامی ئەمەدا جواو فێلیکس لە دیمانەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کەشوهەوای لەبار و جێگیر نەبوو بۆ سەرکەوتن، بەشێوەیەک کە ئێمە ماندوودەبووین لە هەوڵدان.
 
یاریزانە تەمەن 23 ساڵەکە لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رایکرد، دوای ئەوەی بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە خەونی منداڵی ئەو یاریزانە ئەوەیە کە یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا بکات، هەروەها ئەو ناڕازی بوو لە شێوازی بەرگری رادەبەدەری راهێنەری یانە مەدریدییەکە، کە بەبڕوای خۆی ئەمە هۆکاری سەرەکی دەرنەکەوتنیەتی لە ناو تیپەکە.
 
لەگەڵ چوونی یاریزانە پۆرتوگالییەکە بۆ یانەی بارسێلۆنا ئێستا یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکێکە لەو یانانەی کە زۆرترین گۆڵیان تۆمار کردووە لەسەر ئاستی لالیگا، هەروەها رێژەی گۆڵەکانی لە یانەی بارسێلۆنا بەرزترە.
 
جواو فێلیکس لە هاوینی ئەمساڵ بەیەکەوە لەگەڵ جواو کانسێلۆی هاونیشتیمانی پەیوەندیان بەبارسێلۆناوە کرد، لە سەرەتای وەرزەوە فێلیکس بەدرێسی یانە کەتەلۆنییەکەوە بەشداریی لە 7 گۆڵدا کردووە.