ماك ئالیستەر هۆکاری شەڕەکەی نێوان پێپ و نونێز ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ماك ئالیستەر هۆکاری شەڕەکەی نێوان گواردیۆلا و نونێز ئاشکرا دەکات. 
 
لە گەڕی 13ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات و بەم یەکسانبوونە مانچێستەر سیتی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی لەدەستدا. 
 
دوای یارییەکە داروین نونێز، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول کەوتە دەمەقاڵێ لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، یۆرگن کڵۆپ و بەشێکی دیکە لە ستافی یانەی لیڤەرپوول نێوەندگیرییان کرد و لێکیان جیاکردنەوە.
 
ئالێکسیس ماك ئالیستەر، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی لیڤەرپوول لەبارەی شەڕەکەوە دەڵێت "پێپ و داروین هەردووکیان دوو کەسی زۆر بەسۆزن، کێشەکەی نێوانیشیان هیچ شتێكی گرنگ نەبوو، پێپ چەند قسەیەکی لەبارەی یارییەکەوە کردبوو و داروینیش وەڵامی دایەوە بەڵام هیچ شتێكی خراپ نەبوو".
 
ماك ئالیستەر زیاتر دەڵێت "رووداوەکە پێکەنیناوی بوو، پێپ رووداوەکەی وەك گاڵتەیەك وەرگرتبوو، دواتر بەخێرایی شتەکان گۆڕان، بەڵام ئەمە یەکێكە لەو رووداوانەی لە یاریگەدا دەمێننەوە و ئەوان زۆر رێزی یەکدی دەگرن".
 
دواتر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی لیڤەرپوول هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پێموابێ ئەوان ئۆڤەرێکیان کرد و هالاند لێدانێکی سەری لێدا، تۆپەکە نزیك بوو لەوەی بچێتە گۆڵەوە بەڵام بە تەنیشت شیشی گۆڵەکەدا رۆشت و گۆڵ نەبوو، دواتر پێپ سەیری ئێمەی کرد و باسی ئەوەی دەکرد کە ئێمە زۆر بەبەختین".
 
ئالیستەر زیاتر دەڵێت "دواتر لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا لویس دیاز لێدانێکی  سەری لێدا و ئەوان تۆپەکەیان گەڕاندەوە. داروینیش بە گواردیۆلای گوت "ئێستا ئێوەن کە بەبەختن"، دوای ئەوەش کێشەکە کەمێك گەورە بوو، بەڵام هیچ شتێکی گرنگ نەبوو".
 
لە یاریی لووتکەی گەڕی 13ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری لیڤەرپوولی کرد، یارییەکە بە گۆڵێك بۆ هەردوو یانە کۆتایی هات و لیڤەرپوول توانی زنجیرە سەرکەوتنەکانی سیتیزنس لە یاریگەی ئیتیحاد رابگرێت کە بە درێژایی ساڵی 2023 لەو یاریگەیە جگە لە بردنەوە تامی هیچ شتێکی دیکەی نەکردبوو.