لێدوانی راهێنەران.. چاڤی و سیمیۆنی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان بەزەحمەت دەزانن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی لووتکەی گەڕی 15ـی لالیگادا میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
راهێنەری هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کردووە، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێوەیە بوو:
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
پێموایە لەم یارییەدا بەڕاستی هاندەران گرنگ دەبن. هەمیشە گرنگن، بەڵام بەتایبەتی بۆ ئەم یارییە، کە یارییەکی زۆر قورس دەبێت بەرامبەر رکابەرێکی راستەوخۆمان لە لالیگادا. 
 
حەزدەکەم تیشک لەبارەی راهێنەرەکەیان بڵێم، من وەک راهێنەرێک هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، هەست بە رێز و سەرسامی زیاتر دەکەم بۆ دیێگۆ سیمیۆنی. هەموو ئەو شتانەی بەدەستیهێناوە و کردوویەتی بە شێوازی خۆی، جیاوازە لەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین. ئەو شایەنی ستایشە، بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لەماوەی چەندین ساڵ لەم یانەیەدا بەدەستیهێناوە، تیپێکی گەورەی وەک ئاتلێتیکۆ مەدرید. پێموایە لە ماوەی 15 یان 20 ساڵی رابردوودا مێژووی یانەکەی گۆڕیوە، ئێستا کوالیتیەکی زۆر بەرزی هەیە. خۆی لەگەڵ یاریزانەکانیدا گونجاندووە.
 
تێرشتیگن؟ هەوڵی داوە راهێنان بکات، بەڵام هێشتا هەست بە ناڕەحەتی دەکات.  هەفتەی داهاتوو دەبینین، ئەوکاتە بڕیار دەدەین چی بکەین. ئەو ئازارەی لە پشتیدا هەیە هێشتا مەترسیدارە. ئەو دڵتەنگە، چونکە ئێستا ناتوانێت یارمەتی تیپەکە بدات. ئەو یەکێکە لە سەرکردەکانی ئێمە. هەموو ئەم دۆخە وایلێدەکات ئازار بچێژێت. بەڵام ئامادە نییە و یاری ناکات.
 
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
 
ئەستەمە هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم یارییە بکەی. لە بنەڕەتدا بەپێی ئەوەی ئامارەکان پێمان دەڵێن بارسێلۆنا و ریال مەدرید هەمیشە یارییەکان بە چانسێکی زیاتر بۆ بردنەوە دەست پێدەکەن. پێموایە لەم دواییانەدا ئەو بارودۆخەمان گۆڕیوە، ئەمە لەسەر بنەمای راستییەکان دەڵێم نەک وشەکان. هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی کە پێشتر لە نێوان ئەوان و یانەکانی دیکەدا زۆر بە گەورەیی هەبووە بچووکتری بکەینەوە.
 
روونە کە ئێمە یاری لەگەڵ رکابەرێک دەکەین کە تا کۆتایی شەڕدەکات بۆ بردنەوەی لالیگا، چونکە مێژووەکەیان ئەوەیان لێداوادەکات. لەم یارییەدا بەرامبەر رکابەرێکی زەحمەت و بەهێز یاری دەکەین، بەڵام وەک چۆن لەو کاتەوەی گەیشتوومەتە لالیگا شەڕمان کردووە، ئەمجارەش تێدەکۆشین، ئەگەرچی لەوێ هەرگیز سەرکەوتنمان بەدەست نەهێناوە.