چیرۆکی من.. لە زبڵدانەکانی کامیرۆنەوە بۆ گۆڵکردن لە مانچێستەر یونایتد

رووداو دیجیتاڵ
 
زۆرن چیرۆکی ئەو یاریزانانەی کە لە رێگەی تۆپی پێوە توانیویانە خۆیان لە هەژاری و برسێتی رزگارکەن و ژیانیان بگۆڕن، لەم دواییەشدا یاریزانێکی پێشووی وڵڤەرهامپتن لە هەڤپەیڤینێکدا باس لەوە دەکات کە چۆن پەیوەندی کردن بە پرێمەرلیگ ژیانی بەتەواوی گۆڕیوە و لە برسێتی رزگاری کردووە.
 
جۆرج ئیلۆکۆبی، بەرگریکاری کامیرۆنی و یاریزانی پێشووی یانەی وڵڤەرهامپتنی ئینگلیزی لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت "لە منداڵیدا ژیانم زۆر قورسبوو، کاتێك تەمەنم 10 ساڵان بوو، باوکم کە نموونەی باڵای من بوو کۆچی دوایی کرد".
 
ئیلۆکۆبی زیاتر دەڵێت "زۆرجار هیچ شتێكم نەبوو بیخۆم، دەبوایە لە زبڵدانەکان خواردن کۆبکەمەوە، هەندێك جاریش باڵندە و مارم راودەکرد و دەمخوارد. ژیانمان بە جۆرێك خراپبوو کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشمان نەبوو، دەبوایە چەندین میل بە پێ رێبکەین بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە". 
 
دواتر دایکی یاریزانەکە ڤیزای خوێندن بۆ کوڕەکەی وەردەگرێت و رەوانەی بەریتانیای دەکات، لەوێ پەیوەندی بە خولی پلە شەشی ئینگلیزییەوە دەکات و دواتر لە ساڵی 2008 لە رێگەی یانەی وڵڤەرهامپتنەوە پەیوەندی بە پرێمەرلیگەوە دەکات. 
 
ئیلۆکۆبی لەبارەی دایکییەوە دەڵێت "من هەمیشە خۆم بە قەرزاری دایکم دەزانم، ئەو هۆکاری ئەوەیە کە من لێرەم و هەمیشە پاڵپشتم بووە". 
 
یاریزانەکە تاوەکو تەمەنی 16 ساڵی هیچ راهێنەرێکی نەبووە و تەنانەت لە تەمەنی منداڵیدا بە هۆی نەبوونییەوە بە دەبەی پلاستیك یاری کردووە، بەڵام ئەو هەرگیز کۆڵی نەداوە و بەردەوامبووە، لەم بارەیەوە دەڵێت "کاتێك گەنجبووم، بە قورسترین شێوە کارم دەکرد بۆ ئەوەی هەڵەکانم چاکبکەم و ئاستم بەرەوپێش ببەم، لەو ساتەوەی هاتمە ئینگلتەرا تاوەکو پەیوەندیم بە ۆڵڤەرهامپتنەوە کرد هیچ رۆژێك پشووم نەدا و بەردەوام دەمویست خۆم بەرەوپێش ببەم".
 
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی کاروانی وەرزشی وەك بەرگریکەر بەڕێکردووە، ئیلۆکۆبی لە خولی پلە شەشەوە بگرە تاوەکو پرێمەرلیگ توانیویەتی لە هەموو ئاستەکان گۆڵ تۆماربکات کە ئەمە کارێکە تەنانەت بەشێكی هێرشبەرانیش نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن، گرنگترین گۆڵی یاریزانەکە لە ساڵی 2011 بوو کە لە دژی مانچێستەر یونایتد تۆماری کرد و ۆڵڤەرهامپتن توانی بە 2-1 یارییەکە بباتەوە، ئەمە لە کاتێکدابوو مانچێستەر یونایتد 29 یاریبوو جگە لە بردنەوە تامی هیچ شتێكی دیکەی نەکردبوو. 
 
جۆرج ئیلۆکۆبی لە ساڵی 2019 گەڕایەوە خولی پلە شەش و پەیوەندی بە یانەی مەیدستنەوە کرد کە لە خولی پلە شەش رکابەری دەکات، دواتر لە ساڵی 2022 واز‌هێنانی لە یاریکردن راگەیاند و وەك راهێنەری یانەکە دەستبەکاربوو و تاوەکو ئێستاش لە پۆستەکەی بەرداوە.