تیروپشکی یۆرۆی 2024 راکێشرا و پاڵەوانی ئەوروپا کەوتە کۆمەڵەی مەرگەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لە ئەڵمانیا رێوڕەسمی تیروپشکی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، و 24 هەڵبژاردەی بەشداربوو دابەشی سەر شەش کۆمەڵە کران، کە تاوەکو ئێستا بەشداریی 21 تیپ پشتڕاستکراوەتەوە، سێ تیپەکەی دیکە لە  یارییەکانی پلەی ئۆف دیاریدەکرێن، کە رکابەرییەکە لەنێوان  12 تیپدا دەبێت.
 
ژمارەیەک راهێنەری هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی تیروپشکەکە روویان لە هامبۆرگ کرد، کە تیروپشکەکە لە هۆڵێکی کۆنسێرت لەو شارەی کەناراوی باکووری ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
 
لەنێو ئەو کەسانەی کە گەیشتن، جولیان نایگلیسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو، کە دوای گەشتێکی دوور و درێژ لە ماڵەکەی خۆی لە میونشن بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بە یاوەری رۆدی ڤۆلەر گەیشت.

 

 
شاری هامبۆرگ لەنێو 10 شاردا دەبێت کە میوانداری ئەو 51 یارییە دەکەن، لەگەڵ بەرلینی پایتەخت و شارەکانی میونشن، دۆرتموند، شتوتگارت، فرانکفۆرت، گێلسنکێرشن، فرانکفۆرت، دوسێلدۆرف، کۆڵن و لایپزیگ.
 
جیانلویجی بوفۆنی ئەفسانەی ئیتاڵی جامی ئەوروپای هێنایە نێو هۆڵەکە و لەنێو چەپڵە رێزانی ئامادەبوواندا پێشوازی لە بوکەڵەی پاڵەوانێتییەکە کرد و میوانداریکردنی یۆرۆی 2024 لەلایەن ئەڵمانیاوە راگەیاند، ئینجا تیروپشکەکە دەستیپێکرد و سەرەتا ئەو شەش هەڵبژاردەیە راگەیێنران کە سەرکردایەتی شەش کۆمەڵەکە دەکەن.
 
تیروپشکەکە بەدڵی ئەڵمانەکان بوو، کە ئێستا هەڵبژاردەکەیان لە قۆناخێکی سەختدایە و بەرامبەر سکۆتلەندا، هەنگاریا و سویسرا یاری دەکەن
 
ئیتاڵیا پاڵەوانی ئەوروپا کەوتە کۆمەڵەیەکی سەخت، کۆمەڵەی مەرگ، کە پێویستە لە کۆمەڵەی دووەمدا رووبەڕووی ئیسپانیا، کرواتیا و ئەڵبانیا ببێتەوە. ئیسپانیا  دووجار پاڵەوانی ئەوروپا بووە و کرواتیاش پلەی سێیەمی مۆندیالی 2022ـی بەدەستهێنا.
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، گوتی "لە پلەی چوارەمدا گەیشتینە ئێرە، بۆیە دەزانین چەند تیپێکی باشمان لەپێشە و دەزانین کە پێویستە خێراتر کاربکەین، تەنانەت خێراتریش بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵەکەمان".
 
ئەرکی هۆڵەنداش ئاسان نابێت، بەو پێیەی کەوتووەتە بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا لە کۆمەڵەی چوارەمدا، کە نەمسا و هەڵبژاردەیەکی براوەی پاشکۆش لەگەڵیاندا دەبن. فەرەنسا کە ساڵێک لەمەوبەر گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال، بە بەهێزترین هەڵبژاردەی ئێستای ئەوروپا دادەنرێت و زۆربەی پێشبینییەکان بۆ بردنەوەی نازناوەکە لە بەرژەوەندی ئەو تیپەدان.
 
رۆناڵد کومان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لەبارەی کۆمەڵەکەیانەوە، گوتی "بەگشتی پێموایە دەتوانین دڵخۆش بین بە کەوتنە ئەم کۆمەڵەیە. بێگومان جارێکی دیکە فەرەنسا، دەبێت بەرامبەریان یاری بکەین، ناتوانم وشەیەکی ورد بدۆزمەوە، بەڵام ئێمە پێمان باشتربوو تیپێکی دیکە لەجیاتی فەرەنسا بووایە. بەڵام هەر چۆنێک بێت پێموایە دەتوانین دڵخۆش بین".
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال کە بەهۆی بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرنجێکی زۆری لەسەر دەبێت، سەرکردایەتی کۆمەڵی شەشەم دەکات و ئەرکی زۆر زەحمەت نییە، بەو پێیەی لەگەڵ تورکیا، چیک و و هەڵبژاردەیەکی پاشکۆ یاری دەکات.
 
پاڵەوانێتییەکە لە 14ـی حوزەیران دەستپێدەکات و رۆژی 14ـی تەممووز بە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپی بەرلین کۆتایی دێت، کە لە ساڵی 2006 میوانداری یاریی کۆتایی مۆندیالی کردووە.