ڤیدیۆ؛ ئەو هێرشبەرە کوردەی لە بوندێسلیگادا دەدرەوشێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشبەرێکی کورد لە رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیادا دەدرەوشێتەوە و تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی خولەکەدا، 8 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە و رۆڵێکی گەورەی لە ئەنجامە باشەکانی یانەکەیدا هەیە.
 
دێنیز ئونداڤ، هێرشبەرێکی بە رەچەڵەک کوردە و خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، لە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی یاریی دەکات.
 
یاریزانەکە لە دوایین یارییاندا، بەرامبەر یانەی ڤێردێر برێمەن هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە رکابەرەکەیان ببەنەوە.
 
سەرەتا لە خولەکی 17 ئونداڤ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو گۆڵەی هێرشبەرە کوردەکە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا شتوتگارت لە رکابەرەکەی باشتربوو، دێنیز تۆپێکی دایە سێرهۆ گێراسی، یاریزانەکە لەلایەن بەرگریکارانی ڤێردێر برێمەن بەردرایەوە و لێدانی سزا هەژمارکرا، گێراسی گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و شتوتگارت یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
دێنیز ئونداڤ، تەمەنی 27 ساڵە، یاریزانەکە لەم وەرزەی بوندێسلیگادا تاوەکو ئێستا 10 یاریی بەدرێسی یانەکەیەوە ئەنجامداوە، بەشداریی لە 10 گۆڵدا کردووە، 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە و رکابەری گۆڵکارانی خولەکە دەکات.
 
شتوتگارت لەم وەرزەی بوندێسلیگادا ئەنجامەکانی باشن و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، هێرشبەرە کوردەکە رۆڵی گەورەی لە بەدەستهێنانی ئەنجامەکانی یانەکەدا هەیە.
 
ئونداڤ یاریزانی یانەی برایتنی ئینگلیزییە، بەڵام بەشێوەی خواستن بۆ یانەی شتوتگارت یاریی دەکات و ماوەی خواستنەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2024ـە و چاوەڕواندەکرێت بەهۆی ئەم ئاستەبەرزەی لەگەڵ یانەکەی پێشکێشی دەکات، یانە ئەڵمانییەکە هەوڵی کڕینەوەی بەیەکجاری بدات یان برایتن بیگەڕێنێتەوە پرێمەرلیگ.