کۆتینیۆ: بە تەلەفۆنێک گەڕامەوە بارسێلۆنا

03-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کۆتینیۆ رۆناڵد کۆمان
A+ A-

رووداو دیجیتال

فلیپی کۆتینیۆ، یاریزانی بەرازیلیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دانی بەوەدا نا کە بەهۆی تەلەفۆنێکی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گەڕاوەتەوە ریزەکانی یانەی کەتەلۆنی و گوتیشی "حەزدەکەم رۆژێک یاری بۆ لیڤەرپوول بکەمەوە".

کۆتینیۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، گوتی "دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کاتێک لە میونشن بووم، کۆمان تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی دەمەوێت بگەڕێیتەوە بارسا، ئەوکات هەستم بە دڵخۆشییەکی زۆرکرد، ئاسوودەبووم کە بینیم ئەو متمانەی بە منە و حەزدەکات یاریزانی ئەوبم، چونکە ئەو زۆر شارەزایە لە تۆپی پێ و لە تاقیکردنەوەی شتی نوێ و پلانی جیاواز ناترسێت".

یاریزانی بەرازیلی، باسی ئەو دوو گۆڵەشی کرد، کە لە چامپیۆنزلیگدا لە گۆڵی بارسای کرد، ئەوکاتەی بە خواستن یاری بۆ بایرن میونشن دەکرد، گوتی "گەڕانەوەم بۆ ریزەکانی بارسا دوای ئەوەی گۆڵم لێکرد، هەستێکی سەیر و نامۆی پێدام، بەڵام ئەوکات یاریم بۆ بایرن میونشن دەکرد، دەبووایە پیشەگەربم و ئەوەی لە توانامدابێت بۆ ئەو یانەیە پێشکەشی بکەم، بەڵام هەمیشەش حەزمکردووە بگەڕێمەوە بارسا و یاری بۆ بکەم، بۆیە دەمەوێت ئێستا خزمەتی بارسا بکەم و سەرکەوتنەکانی لەگەڵدا بەدەستبێنم".

سەبارەت بە وەڵامی پرسیارێکیش کە لەبارەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بارسا لێیکرا؟ کۆتینیۆ گوتی "ئەو هەمیشە باشترینە، یاریکردن و مەشقکردن لەگەڵ مێسی هەمیشە خەونی من بووە، ئەوکاتەی لە لیڤەرپوول بووم، ئاڵوودەبووم بە سەیرکردنی یاری سێکوچکەی مێسی و نەیمار و سوارێز، هەندێجار بڕوام بەوەنەدەکرد کە لە مێسی دەمبینی، کەچی ئێستا دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخساوە مێژوو لەگەڵ لیۆ تۆماربکەم".

لەبارەی ئانسۆ فاتیی یاریزانی لاوی بارساشەوە، پرسیار لە کۆتینیۆ کرا و ئەویش لە وەڵامدا گوتی "فاتی بەهرەیەکی ناسروشتی هەیە، ئەو بە تەمەنێکی بچووکەوە سەلماندی کە شایەنی ئەوەیە یاری بۆ بارسێلۆنا بکات".

کۆتینیۆ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، کە سەبارەت بە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە لێیکرا و گوتی "مەحاڵە پێشبینی بۆ ئەوە بکەم کە لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئێستا تاکە ئامانجی من بەدەستهێنانی سەرکەوتنە لەگەڵ بارسێلۆنا". 

ئەستێرەی بەرازیلی هەروەها گوتی "پرێمەرلیگ یەکێکە لە بەهێزترین خولەکانی جیهان، دەرفەت رەخسان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یاری بۆ لیڤەرپوول بکەمەوە، هەمیشە مایەی دڵخۆشییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە