پێش مانچێستەر یونایتد، ئامۆریم راهێنەرایەتیکردنی رۆناڵدۆی رەتکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پۆرتوگالی و داهاتووی یانەی مانچێستەر یونایتد، دوو دەستەوارەی رەتکردووەتەوە بەر لەوەی بڕیاربدات رووبکاتە یانەی مانچێستەر یونایتد.
یانەی مانچێستەر یونایتد، دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرمی، رۆبن ئامۆریمی وەکو راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند، بۆ ئەوەی شوێنی ئێریک تێن هاگ بگرێتەوە، کە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی، هەردوو یانەی وێستهامی ئینگلیزی و نەسڕی سعودی ئامادەکارییان پێشاندابوو 10 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەنە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە، بەڵام ئامۆریم راهێنەرایەتیکردنی هەردوو یانەی رەتکردەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت "هەردوو یانە رکابەرییان لەسەر رازیکردنی ئامۆریم دەکرد، بەڵام راهێنەرەکە رازی نەبوو ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی ئەو دوو یانەیە وەربگرێت."
سەرەتا وێستهام پەیوەندیی بە سپۆرتینگ لیشبۆنەوە کردووە و ئامۆریم چووە لەندەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گرێبەستەکەوە، بەڵام راهێنەرەکە گرێبەستەکەی رەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، یانەی نەسڕی سعودی داوای ئەو راهێنەرەی دەکرد و ئامادەبوو 20 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە بداتە ئامۆریم، بەڵام راهێنەرە لاوەکە ئەو دەستەوارەیەشی رەتکردەوە و ئامادەنەبوو راهێنەرایەتیکردنی تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرێت.
رۆبن ئامۆریم، یەکێکە لە دیارترین راهێنەرەکانی ئێستای تۆپی پێی پۆرتوگال، لەم وەرزەدا یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە لەژێر سەرپەرشتی ئەودا لە 10 گەڕدا 10 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وەرزی رابردووش یانەکەی نازناوی خولی پۆرتوگالی بەدەستهێنا، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو راهێنەرەکە بۆ دەستپێکردنی کاروانێکی نوێی راهێنەرایەتی پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە بکات.