پاریس سانجێرمان تۆڵەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید دەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 02:17
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید یانەی پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی گورزێکی کوشندە لە یانەی ریال مەدرید بدات و تۆڵەی لەدەستدانی کیلیان ئێمباپێ بەخۆڕایی لەو یانەیە بکاتەوە.
 
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، پاریس سانجێرمان پلانی تۆڵەکردنەوەی لە ریال مەدرید داناوە لە رێگەی بردنی ئەستێرەیەکی ئەو یانەیەوە.
 
پەیوەندییەکانی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان بەقۆناخی پڕ لە ناکۆکیدا گوزەر دەکەن، بەتایبەت پاشئەوەی ریال مەدرید لە هاوینی رابردوودا بەبێ بەرامبەر، گرێبەستی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری ئەو یانەیە کرد.
 
ئێمباپێ پێشتر لەبەر چوونە ریال مەدرید، رازینەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە.
 
پلانی پاریس سانجێرمان بۆ تۆڵەکردنەوە لە ریال مەدرید، بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ئەو یانەیە.
 
ئەگەرچی یانەکانی خولی سعودیە، دەستەوارەی خەیاڵییان پێشکێشی ئەو یاریزانە کردووە، هاوکات ریال مەدریدیش هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڤینی هیچ هەنگاوێکی بەئاراستەی هیچ لایەکدا نەناوە.
 
جیا لە بابەتی ئێمباپێ، پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی هەردوو یانە ئاڵۆزییەکی زۆری تێدایە، چونکە پاریس سانجێرمان یەکێکە لەو یانانەی بەتووندی لە دژی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەوەستێتەوە، کە بیرۆکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدریدە.
 
ماڵپەری 'ریلیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان ژێراوژێر کاردەکات بۆ سەرنجڕاکێشانی ڤینیسیۆس بەهەموو جۆرێک لەپێناو رازیکردنی بۆ چوونە یانەکە.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ناسڕ خلێفی لەبیری تۆڵەدایە لە ریال مەدرید و پێیوایە گورزە گەورەکە ئەوکاتە دەبێت کە یانەکەی بتوانێت هەرچۆنێک بێت، ڤینیسیۆس رازی بکات لە یانەکە بێتە دەرەوە و پەیوەندی بەپاریس سانجێرمانەوە بکات.
 
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردبوو، پاش شۆکی نەبردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ریال مەدرید گرێبەستێکی نوێی وەک قەرەبوو پێشکێشی جۆنیۆر کردووە و مووچەکەی بۆ زیاد دەکات، بەڵام ئەو یاریزانە هیچ وەڵامێکی یانەکەی نەداوەتەوە.
 
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، بڕی یەک ملیار یۆرۆیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە