رافینیا: ئەوەی لە کلاسیکۆ بە فاتی وتراوە زۆر لەو سووکایەتییە گەورەترە کە بەئێمە کرا
رووداو دیجیتاڵ
رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەوەی لە یاری کلاسیکۆ بە ئانسۆ فاتی، یاریزانی یانەکە وتراوە لەلایەن هاندەرانی نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، زۆر لەوە زیاترە کە بە یاریزانە رەشپێستەکانی دیکەی یانەکە گوتراوە.
بارسێلۆنا کلاسیکۆی بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە ریال مەدرید بردەوە و لە یارییەکەدا هەریەکە لە رافینیا، لامین یامال و باڵدێ لەلایەن هاندەرانی یارییەکەوە سووکایەتییان پێکرا و قسەی رەگەزپەرستییان بەرامبەر کرا.
رافینیا لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' دەڵێ، "ئەگەرچی هەر کەسە و بەجۆرێک بیردەکاتەوە، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتانە زۆر بێزارکەرن. ئێمە کاری خۆمان دەکەین، دەزانین هاندەرانی تیپەکانی دیکە هەوڵی هەموو شت دەدەن بۆ تێکدانی مێشکی ئێمە، ئێمەش دەبێ تەنیا بیرکردنەوەمان لای یارییەکە بێت".
هەروەها زیاتر گوتویەتی، "کاتێک رووبەڕوو سووکایەتیت پێدەکەن، ئەوکات ئیدی ئەوە ئاستێکی ئازاربەخشترە و کارەکە قورستر دەبێت".
رافینیا ئاشکرایکردووە، "دوای یارییەکە قسەم لەگەڵ ئانسۆ فاتی کرد و ئەو پێی گوتم چی روویداوە، ئەوەی بەسەر ئەودا هاتبوو زۆر گەورەتربوو لە سووکایەتی، ئێمە گوێمان لە هەندێک شت دەبوو کە پێمان دەگوترا، بەڵام تێنەدەگەیشتین چیمان پێدەڵێن، بەڵام ئانسۆ لە هەموو قسەکان تێگەیشتبوو، دوای یارییەکە تەماشای دیمەنەکانمان کردەوە و زۆر ئازاربەخش بوون".
ئەستێرەکەی بارسا هەروەها دەڵێ، "زۆر کەس پێیانوایە قسەگوتن بەیاریزانان لە یاریگەدا کارێکی ئاساییە، بەڵام لە راستیدا وانییە و نابێ ئەوە سرووشتی بێت، پێویستە دەسەڵاتداران رێوشوێن لە دژی ئەوە بگرنە بەر".
لەبارەی ئەوەی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر کراوە پێشتر لە یاریگەکاندا، رافینیا دەڵێ، "نازانم لە منداڵیدا ئەو چی بەسەردا هاتووە، نازانین رەگەزپەرستییەکان بەرامبەری لە منداڵیدا چیبوون، بەڵام ئەمە کارێکە پاڵ بەخەڵکەوە دەنێت بۆ شێتبوون و زۆر بێزاریان دەکات".
پاش یەکلابوونەوەی سووکایەتی کردن و رەگەزپەرستیی هەندێک هاندەر بەرامبەر یاریزانەکانی بارسێلۆنا، یانەی ریال مەدرید دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی راگەیاند کە رەگەزپەرستییان کردووە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لای خۆیەوە هێرشی تووندی کردە سەر ئەو کەسانە و گوتی بەداخم کە لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ رەگەزپەرستی بەکارهێنراوە.
رافینیا لەبارەی ڤینییەوە دەڵێم "ڤینیسیۆس کەسێکی رووخۆشە، هەموو کات گاڵتەوگەپ دەکات، تاکە شت کە بێزاری دەکات و ئازاری دەدات رەگەزپەرستییە. من لە بێزارییەکانی ئەو تێدەگەم، بەڵام من لە جێگەی ئەو نیم، هەر لەبەرئەوە ناتوانم بڵێم ئەو پێویستە چی بکات".
ڤینی داوای دۆزینەوەی کەسە رەگەزپەرستەکان و سزادانیانی کردبوو، لە کاتێکدا دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا، لە بڵاوکراوەیەکدا سەرکۆنەی رووداوەکانی کرد.