لە ناپۆلی، لوکاکۆ خرایە باخچەی ئاژەڵانەوە


رووداو دیجیتاڵ

باخچەیەکی ئاژەڵان لە شاری ناپۆلیی ئیتاڵیا، رێزلێنانێکی تایبەتی بۆ رۆمیلۆ لوکاکۆ، هێرشبەری یانەکە ئەنجامدا، کاتێک ناوی ئەوی بردە نێو باخچەکەوە.
 
لوکاکۆ کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بەناپۆلییەوە کرد، ئاستێکی نایاب لەگەڵ یانەکەدا پێشکێشدەکات لەژێر سەرپەرشتی ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەکە.
 
کۆنتی و لوکاکۆ ئەمساڵ جارێکی دیکە لە یەک تیپدا کۆبوونەوە. ئەو هێرشبەرە بەلجیکییە لە نۆ یاریدا، چوار گۆڵ و پێنج ئەسیستی هەیە. تیپەکەشی پێشەنگی سێری ئایە.
 
باخچەی 'لو زوو دی ناپۆلی' بڕیاری رێزلێنانێکی تایبەتی بۆ لوکاکۆدا، کاتێک ناوی یەکێک لە بەچکە جاگوارە تازە لەدایکبووەکانی بەناوی لوکاکۆوە کرد.
 
باخچەکە لە ئینستاگرامی خۆی، هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بەدەستکەوتێکی نوێی باخچەکەمان، پێتان رادەگەیەنین کە لوکاکۆ لەدایکبوو، کە بەچەکی جاگوارێکی رەشی جادووییە، دەمانەوێت پێتان بناسێنین و پێکەوە ئاهەنگی هاتنە دونیای بۆ ساز بکەین".
 
هەروەها دەڵێ، "باخچەکەمان نزیکە لە یاریگەی ناپۆلییەوە، هەموومان هاندەری تۆپی پێین، ئەمە رێزلێنانی ناپۆلییە بۆ لوکاکۆ و هیوادارم وەرزێکی باشی هەبێت".
 
ناپۆلی زنجیرەی شەش سەرکەوتنی بەسەریەکەوەی تۆمارکردووە و ئەمڕۆش رووبەڕووی ئاتاڵانتا دەبێتەوە لە سێری ئا.