ڤینیسیۆس، ریال مەدرید تووشی شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی، بیر لە چوونە خولی رۆشنی سعودی دەکاتەوە و تەنانەت دەڵێن "ڤینی دەستەوارەیەکی ریال مەدریدی بۆ نوێکردنەوەی گریبەستەکەی رەتکردووەتەوە".
 
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە قەیرانێکی سەخت لە ئاسۆدایە و مەترسی لەسەر داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دروست دەکات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، سوپرایزێکی گەورەی ئاشکراکردووە، گوایە ڤینیسیۆس لەمیانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەسایەتییەکی گرنگی یانەی ریال مەدرید، ئاماژەی بۆ هەندێک بابەتی ئابووری، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچەی ساڵانەی خۆی کردووە.
 
ماوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردووەتەوە کە ڤینیسیۆس بەو کەسایەتییەی ریال مەدریدی راگەیاندووە کە دەبێت مووچەیەکی زیاتر و گونجاو لەگەڵ تواناکانی ئەو پێبدرێت، بەتایبەتی کە وەرزی رابردوو رۆڵی سەرەکی بینیوە لە بردنەوەی هەردوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ.
 
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە خودی کارگێڕیی ریال مەدرید خواستی ئەوەی هەبووە دەستکاری مووچەی ساڵانەی یاریزانە بەرازیلییەکە  بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی یاریزانی فەرەنسی کرد.
 
بەڵام وەک هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەرکەکە قورس دەبێت، چونکە ریال مەدرید پابەندە بە بنمیچێکی مووچەوە و ناتوانێت سەرپێچی بکات، کە هەر ئەو کارە پێشتر بووەتە هۆی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و رازیبوونی ریال مەدرید بە فرۆشتنی بە یوڤێنتوسی ئیتاڵی.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤینیسیۆس چووەتە نێو بازنەی بەرژەوەندییەکانی یانەی هیلالی سعودیە، کە ئەو یانەیە زۆرترین ئارەزووی گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە بەرازیلییە هەیە و هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "یانەی هیلالی سعودی ئامادەیە بڕی یەک ملیار یۆرۆ بە مووچە لە ماوەی 5 ساڵدا بدات ڤینیسیۆس".
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لەم دواییانەدا خەڵاتی باڵۆن دۆری لەدەستدا و رۆدری، یاریزانی ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی لەو زیاتر دەنگی بەدەستهێنا.