رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتد بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کار بۆ گواستنەوەی دەکات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بڵاویانکردەوە، ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت هێرشبەرێکی بایرن میونشن بباتە ریزەکانی یانەکەی و پێی وایە بژاردەیەکی زۆرباشە بۆ جێگرتنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تیپەکەدا.
بەپێی هەردوو رۆژنامەی ئێکسپرێسی بەریتانی و مێدیا فۆتی فەرەنسی، مانچێستەر سیتی بە رژدی بیر لە گواستنەوەی ئێریک چوپۆ مۆتینگ، هێرشبەری کامیرۆنی و یانەی بایرن میونشن دەکاتەوە وەک جێگرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تیپەکەدا.
گرێبەستی هێرشبەرەکەی بایرن میونشن گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانە باڤارییەکە کۆتاییدێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد.
هێرشبەرەکە هەرچەند لە ماوەی رابردوودا وەک یاریزانی سەرەکی یاریی نەکردووە، بەڵام لە چەند یاریی رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی جولیان نایگێلسمان متمانەی زیاتر بە یاریزانەکە بدات.
مۆتینگ لە 13 یاریی ئەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 615 خولەک یارییکردووە و 8 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.
تێن هاگ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی رابردوودا، چەند ناکۆکییەک لەنێوانیاندا هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ناوی رۆناڵدۆ بە چەند یانەیەک ببەسترێتەوە و ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی زستانە یان هاوینی داهاتوودا لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە بڕوات.
پێشتر پرسیار لە ئێریک تێن هاگ کرا، لەبارەی داهاتووی رۆناڵدۆوە کە ئەو یاریزانە لەگەڵ دەمێنێتەوە و ئەو پێی وایە بەردەوام دەبێت؟ راهێنەری مان یونایتد لە وەڵامدا گوتی " هەردووکیان."
مۆتینگ پێشتر لە ستۆک سیتی ئینگلیزی یارییکردووە، دوای ئەوە چووە پاریس سانجێرمان و پاشانیش پەیوەندیی بە یانەی بایرن میونشنەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ