یانەی سەد چەند مەرجێکی بۆ بارسێلۆنا داناوە

رووداو دیجیتاڵ

 

شاندێکی یانەی بارسێلۆنا گەشتی قەتەریان کردووە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ یانەی سەد بکەن، سەبارەت بە گرێبەستکردنی بارسا لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری سەد، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە وەربگرێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاشکرایانکرد کە بارسێلۆنا بڕیاریداوە چاڤی بکاتە راهێنەری و بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت بەرپرسانی یانەی سەدی قەتەری رازی بکات دەستبەرداری چاڤی ببن.
 
دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا بڕیاری لەسەرکارلادانی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری دا، پاش ئەوەی تیپەکەی بە رایۆ ڤاییکانۆ دۆڕا، بەرپرسانی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چاڤی باشترین کەسە بۆ وەرگرتنی ئەو ئەرکە.
 
شاندی بارسا بۆ قەتەر پێکهاتووە لە هەریەک لە رافا یۆستی و ماتیۆ ئەلیمانیی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، کە مەبەستیانە ئەمشەو دوای یاریی لووتکەی خولی قەتەری لەنێوان سەد و دحێل، لەگەڵ کارگێڕیی یانەی سەد و خودی چاڤی کۆببنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بگەنە رێککەوتن.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە، بارسێلۆنا ئەمشەو یان لایەنی زۆر سبەی دەگاتە رێککەوتنی کۆتایی و بەفەرمی چاڤی بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا، بە مووچەیەکی کەمتریش لەوەی لە یانەی سەد وەردەگرێت.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە چاڤی رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەفەرمی لە لایەن بارسێلۆناوە وەک راهێنەری یانەکە دەناسێنرێت و تاوەکو هاوینی 2024 راهێنەری بارسا دەبێت.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بەرپرسانی بارسا نایانەوێت مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چاڤی بدەنە یانەی سەد، کە یەک ملیۆن یۆرۆیە و دەڵێن "هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی دۆستانە لەگەڵ بەرپرسانی سەد رێکبکەون بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری جاڤی ببن".
 
هەندێک لە راپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی یانە قەتەرییەکە رازی بوونە رێگە بە چاڤی بدەن بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام چەند مەرجێکیان هەیە، کە گرنگترینیان ئەوەبووە کە شاندێکی بارسێلۆنا بۆ دانوستاندن بچێتە قەتەر، هەروەها ئەگەری ئەوە بمێنێتەوە کە رۆژێک لە رۆژان چاڤی وەک راهێنەری یانەکە بگەڕێتەوە قەتەر، هەروەها پێویستە هەردوو یانەی سەد و بارسێلۆناش یارییەکی دۆستانە بکەن.