شەترەنجزانانی کورد لە رووسیا بڕوانامە بەدەست دەهێنن


یانەی شەتڕەنجی خانزاد واژووی رێکەوتنی یەکێتی شەتڕەنجی مۆسکۆی بەدەست هێنا و هەوادارانی یاریی شاهانەش لە کوردستان لەلایەن مامۆستا و شارەزایانی رووسی پەروەردە دەکرێن. 

هەفتەی رابردوو سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەگەڵ هەریەک لە ئیگۆر گلیک سەرۆکی شەترەنجی مۆسکۆ و سەرۆکی زانکۆی وەرزشی رووسیا کۆبونەوە، هەر دوو لا گەیشتنە رێککەوتن بۆ کارکردنی پێکەوەیی و پاڵپشتی کردنی شەتڕەنج زانانی کوردستان. 

بەپێی ئەم رێککەوتنە یەکێتی شەتڕەنجی مۆسکو ئامادەیە بۆ بەشداریی کردنی تیپەکانی کوردستان لە قارەمانیەتیەکانی روسیا، هەروەها ساڵانە ژمارەیەک لە راهێنەر، ناوبژیوان لەگەڵ ژمارەیەک قوتابی دەتوانن لە بەشی شەترەنجی رووسیا بۆ بڕوانامەی ماستەر و بەکالۆریۆس بخوێن.

هەر لەو رێککەوتنەدا هاتووە مامۆستایانی زانکۆی رووسیا ئامادەن بێنە پایتەختی کوردستان بۆ کردنەوەی کۆڕ و سمینار و خولی راهێنان بۆ مامۆستایانی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین. 

ماوەی ساڵێکە یاریی شەتڕەنج لە قوتابخانەکانی هەولێر دەخوێندرێت وەک پڕۆگرام، ئێستا یانەی خانزاد لە قۆناخی ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی یارییەکە لە قۆناخی زانکۆش بخوێندرێت.