ئۆسیمین: کەمن ئەوانەی وەک من بەتوانان و شایستەی 100 ملیۆن یۆرۆن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤیکتۆر ئۆسیمین یانەی گاڵاتەسەرای
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤیکتۆر ئۆسیمین، هێرشبەری یانەی گاڵاتەسەرای تورکی، پێیوایە بەهای ئەو لە بازاڕی گواستنەوەدا 100 ملیۆن یۆرۆیە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو متمانەی زۆری بەتواناکانی خۆی هەیە.
 
ئۆسیمینی 25 ساڵ، بەشێوەی خواستن یاریی بۆ گاڵاتەسەرای تورکی دەکات، پاشئەوەی لەگەڵ یانەی ناپۆلی دووچاری کێشە بوو بەهۆی ویستی ئەو لە چوونە دەرەوە لە یانەکە.
 
ئۆسیمین دەڵێ من دەزانم چۆن خزمەتی هەر تیپێک دەکەم کە درێسەکەی بپۆشم، هەربۆیە شایستەی ئەو نرخەم لە بازاڕی گواستنەوەدا.
 
قسەکانی ئۆسیمین کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە کەمجار روودەدات یاریزانێکی تۆپی پێ باس لە بەهای دارایی خۆی لەبازاڕی گواستنەوەدا بکات، بەتایبەت کە ئۆسیمین لە هاوینی ئەمساڵدا کێشەی زۆری لەگەڵ یانەکەی هەبوو.
 
ئۆسیمین قسەی بۆ ماڵپەری یانەی گاڵاتەسەرای کردووە، دەڵێ، "من شایستەی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆم، کەم یاریزان هەیە وەک من بن لە جیهاندا و هەمان ستایلی یارییکردن و توانای سەرکەوتنیان هەبێت، هەموو ئەوەی پەیوەندی بەتواناکانمەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەیکەم و کوالیتییەکەم مایەی نرخێکی بەرزە".
 
ئۆسیمین بڕیارە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ بەشێوەی خواستن یاریی بۆ گاڵاتەسەرای بکات، ئەو هەروەها دەڵێ، "پێموایە من شایستەی ئەو نرخەم، من خۆم دەزانم چ رۆڵێکم هەیە لە یاریگەدا".
 
هێرشبەرە نایجیرییەکە هەروەها دەڵێ، "خەڵک بەشێوازی جیا بیردەکەنەوە، هەندێک دەڵێن من بەهام 15 ملیۆنە، هەندێکی دیکە دەڵێن 100 یان 120 یان 150 ملیۆن، هەرکەسە و بۆچوونی خۆی هەیە و من دەزانم توانای چیم هەیە".
 
ئۆسیمین ئەستێرەی ماوەی گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵ بوو، پاشئەوەی ویستی زۆری بۆ چوونە پاریس سانجێرمان یان چێڵسی پێشاندا و یانەی ئەهلیی سعودیش دەیویست گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەڵام لەلایەن یانەکەیەوە بێئومێدکرا، پاشئەوەی داوای 100 ملیۆن یۆرۆی کرد بۆ دەستهەڵگرتن لەو یاریزانە و ئەوە وایکرد یاریزانەکە بکەوێتە نێو کێشەوە لەگەڵ کارگێڕیی ناپۆلی، پاشئەوەی هیچ یانەیەک ئامادەنەبوو ئەو بڕە پارەیە بدات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی و بەهۆیەوە لەلایەن کارگێڕیی ناپۆلییەوە، لە پێکهاتەیە تیپەکە دوورخرایەوە.
 
لە دوا رۆژەکانی گواستنەوەی هاوینەدا، یانەی گاڵاتەسەرای تورکی دەستەوارەیەکی خواستنی تاوەکو کۆتایی وەرز خستە بەردەستی یانەی ناپۆلی و لەوێوە کێشەکەی کۆتاییهات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە