بەهۆی هەڕەشەی کوشتنەوە لە یاریزانێک، ناوبژیوانێکی چامپیۆنزلیگ راگیرا

03-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فابیۆ ماریسکا ئیتاڵیا ناوبژیوان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا 'یۆفا'، فابیۆ ماریسکای ناوبژیوانی ئیتاڵی لە بەڕێوەبردنی یاریی نێوان ئایندهۆڤنی هۆڵەندی و سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی دوورخستووەتەوە، بەهۆی هەڕەشەی کوشتن لە یاریزانێک.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ماریسکا پێشتر هەڕەشەی لە خالید مورشید، یاریزانی یانەی عەرەبیی قەتەری کردووە، لە میانی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ یانەی کوەیتی کوەیتی.
 
رۆژنامەی 'کۆرێری دێلا سێرا'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، ماریسکا بە یاریزانەکەی عەرەبی گوتووە، "جاری داهاتوو دەتبینمەوە و دەتکوژم". لە کاتێکدا یاریزانێکی نێو یارییەکە گوتوویەتی من گوێم لێبوو ئەو ناوبژیوانەی گوتی، "جاری داهاتوو دەتبینمەوە".
 
بەپێی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، ماریسکا بۆ ماوەی مانگێک لە بەڕێوەبردنی یارییەکان لە ئیتاڵیا بێبەش دەکرێت.
 
پێشتر، عەدنان مەحموود، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی عەرەبیی، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' رایگەیاندبوو لە بنکەی پۆلیسی عەدیلیە، سکاڵایان لەدژی ئەو ناوبژیوانە ئیتاڵییە تۆمارکردووە، لەبەرئەوەی هەڕەشەی لە خالید مورشید کردووە و پێیگوتووە دەتکوژم.
 
ئەو ئەندامە گوتبووی ئێمە بەڤیدیۆ و بەڵگە دەیسەلمێنین کە هەڕەشەی کوشتن لە یاریزانەکەمان کراوە لەلایەن ناوبژیوانەوە و دەبێ هەموو ئەوانەی ئەو جۆرە ناوبژیوانانە دەهێننە یاریگەکانی وڵاتەکەمانەوە بەرپرسیارێتی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەیان لەئەستۆ بگرن.
 
ماریسکای تەمەن 43 ساڵ، لە ساڵی 2011ەوە ناوبژیوانی پیشەگەرە و لە 2018ەوە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا ناوبژیوانی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە