راهێنەری لیل نهێنی سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ریال مەدرید ئاشکرا کرد


رووداو دیجیتاڵ

برۆنۆ جینیسیۆ، راهێنەری یانەی لیلی فەرەنسی، وردەکارییە تاکتیکییەکانی سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا ئاشکراکرد.
 
لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگ، لیل میوانداریی ریال مەدریدی کرد و بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا.
 
جینسیۆ، لە دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "راستە من پلانم دانا، بەڵام گرنگترین شت ئاستی تیپەکەمان بوو، لەبەرئەوەی پلانەکەی من پێویستی بە پشتگیری و کاری یاریزانەکانم هەبوو، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیپێکی وەک ریال مەدرید، کە دەبێ هەموو شتێکی نموونەیی پێشکێش بکەیت، تاوەکو سەرکەوتن بەدەست بهێنیت".
 
ئەو راهێنەرە فەرەنسییە کە پێشتر بڕوای بەتیپەکەی هەبوو لەوەی سەرکەوتن بەسەر ریال مەدرید بەدەست بهێنێت، دەڵێ، "لە گێمی یەکەمدا ئاستێکی زۆرباشمان پێشکێشکرد، بووینە هۆکاری زۆر کێشە بۆیان، بەرلەوەی لە گێمی دووەمدا ئێمە بەدەستیانەوە بناڵێنین، بەڵام وێڕای ئەوەش ئێمە وەک یەک پارچە ماینەوە و شەوێکی ناوازەمان هەبوو".
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ریال مەدرید لە لالیگا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانبوو بە گۆڵێک، ئەو یارییە بووە ئیلهامبەخشی راهێنەری لیل بۆ دۆزینەوەی کلیلی سەرکەوتن بەسەر ریالدا، جینیسیۆ دەڵێ، "سوودی زۆرمان لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرگرت، بەهێزەوە لە چەندین شوێنی یاریگەدا یاریمان کرد و لە هەندێک شوێنیشدا بەپێچەوانەی ستایلی خۆمانەوە، تۆپمان بۆ بەجێهێشتن. ئێمە چاومان لەوەبوو لە هەندێک رووبەری یاریگەدا گوشاریان بخەینە سەر، پلانەکەمان بەشێوەیەکی نموونەیی سەریگرت".
 
ئەو راهێنەرە 58 ساڵە، کە ئەمساڵ مەشقدانی یانەی لیلی وەرگرتووە، هەروەها گوتوویەتی، "سیناریۆی یارییەکە نموونەیی بوو، بەر لە تەواوبوونی گێمی یەکەم گۆڵمان کرد، دواتر رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر بووینەوە لە گێمی دووەمدا، ئەوان هەڕەشەی زۆریان لە گۆڵەکەمان کرد، بەڵام لوکاسی گۆڵپاریزمان بەرپەرچدانەوەی کاریگەری هەبوو، بردنەوەی یارییەکەش پاداشتی ماندووبوونی یاریزانەکان بوو".
 
جینیسیۆی راهێنەری پێشتری رێن و لیۆن، وردەکاریی زیاتری لەبارەی نهێنی سەرکەوتنەکەوە ئاشکراکردووە و دەڵێ، "دڵخۆشم بەبردنەوەکە، چونکە لەگەڵ هاوکارەکانم لە دەستەی راهێنەران زۆر باش خۆمان بۆ یارییەکە ئامادەکرد و یاریزانەکان ئەوەیان کرد کە پێشبینیمان دەکرد. ئێمە گێمی یەکەممان زۆر باشبوو، توانیمان باش بەرگری بکەین و باشیش هێرش ببەین، لە گێمی دووەمدا هێڵەکانمان لێک نزیککردەوە و گۆڵپارێزەکەمان درەوشایەوە و نەیهێشت گۆڵی لێبکرێت".
 
شکستەکەی دوێنێ شەوی ریال مەدرید، یەکەم شکستی ئەو یانەیە بوو لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی ئەمساڵ.