ڤیدیۆ؛ ئەمشەو یارییە گەورەکەی چامپیۆنزلیگە

03-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
ناپۆلی - ریال مەدرید 22:00
ناپۆلی - ریال مەدرید 22:00
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش سەرکەوتنی هەردووکیان لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا، ناپۆلی و ریال مەدرید، دوو یانە بەهێزە پاڵێوراوەکە بۆ گەیشتن بە قۆناخی شانزە، لە یاریگەی دییگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ناپۆلی ئەگەرچی لە سێری ئادا پاش دوو سەرکەوتن بەسەر دوو رکابەری ئاساندا، کەوتە نێو گێژاوی ئەنجامی خراپ و شکست بەرامبەر لازیۆ و دوو یەکسانبوون بەسەریەکەوە و ئەوەش گومانی لەسەر تواناکانی رۆدی گارسیا لەگەڵ پاڵەوانی ئیتاڵیا هێنایە ئاراوە، بەڵام گەڕانەوەی تیپەکە بۆ سەر راستەڕێی سەرکەوتن و پێشاندانی تووندی و ویستی گەورە بۆ بردنەوە، دۆخی تیپەکەیان ئارامکردەوە، بەڵام لەو ناوەدا کێشەی ڤیکتۆر ئۆسیمین سەریهەڵدا و هەرزووش دامرکێنرایەوە و ئەو هێرشبەرە پاش گۆڵکردن لە دوو یاریی لەسەریەکی خولی ئیتاڵیا، بۆی باشدەبێت ئەمشەو بەرامبەر ریال درێژە بەهەمان چیرۆکی گۆڵکردن بدات.
 
جیۆڤانی دی لۆرینزۆ، کاپتنی یانەی ناپۆلی، سەبارەت بە بابەتی ئۆسیمین، گوتی "بۆ ئۆسیمین هیچ لە پەیوەندی ئەو لەگەڵ تیپەکە و هەڵسوکەوت و ویستی بۆ بردنەوە نەگۆڕاوە و هەمووان دەتوانن لە یاریگەدا هەست بەوە بکەن بەتایبەت دەتوانن ئەوە ببینن کە ئەو ویستی هاوکاریکردنی هاوڕێکانی هەیە. لەبەرئەوە دۆخەکە هەروەکخۆیەتی و ئەو دەزانێ کە یاریزانێکی مەزنە و هەموو شت بۆ سەرخستنی تیپەکەی پێشکێشکدەکات".
 
ریال مەدرید کە خەیاڵی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر خیرۆنا لە خولی لالیگا ختووکەی هەستەکانی دەدات، هێشتا دڵنیایی لەسەداسەدی پێشاننەداوە لەوەدا کە چۆن دەتوانێ هێزی رکابەرەکەی لە یارییەکەی ئەمشەودا سنووردار بکات، بەتایبەت کە تیپەکە لە بێبەشبوون لە ژمارەیەک یاریزانی کاریگەر بەردەوامە، کە نوێترینیان داڤید ئالابایە کە دووەم یاریی لەسەریەکی تیپەکەیە دادەبڕێت.
 
ئەوەی لە دوا مەشقی یانەکەدا لەسەر یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بینرا، بەشداریکردنی جاکۆبۆ رامۆنی بەرگریکەری لاو و گۆنزالۆ گارسیای ناوەڕاستکاری تیپی دووەمی یانەکەیە لە مەشقەکاندا، بەڵام روون نییە راهێنەری تیپەکە لە یارییەکەدا سوودیان لێوەردەگرێت یان نا، چونکە ریال مەدرید دەیەوێت لانیکەمی سیناریۆی شەش ساڵ لەمەوبەر لەهەمان یاریگەدا دووپات بکاتەوە، کاتێک بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ، رێگەی خۆی بۆ گەیشتن بە نازناوێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکە خۆشکرد.
 
فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، لەبارەی ئەو یارییەوە گوتی "گرنگە بەلامانەوە کە درێژە بەسەرکەوتنەکانمان بدەین لە چامپیۆنزلیگ کاتێک بەرامبەرێکی یانەیەکی گەورەی وەک ناپۆلی یارییدەکەین. ئێمە پاڵنەری خۆمان هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکانمان بەردەوام بن و ئاستی باشیش پێشکێش بکەین".
 
بۆ هەردوو یانە بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو، ئەو سەرەتای رێگەیە دەبێت کە دەتوانێ پێشەنگی کۆمەڵەکەیان بداتە دەست و بەوەش لە قۆناخی داهاتوودا لە بەرکەوتنی ئاڵۆزی تیپە گەورەکان، بیانپارێزێت، بەڵام دیار نییە کێ لەم دوو تیپە، زیاتر ئامادەیە، بۆ ئەوەی سەرەتای ئەو رێگەیە بگرێتە دەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە