یانەی ئیتیحاد روونکردنەوە دەدات و سپاهان رووبەڕووی سزا دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئیتیحاد جددەی سعودی، سەبارەت بە کشانەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی سپاهانی ئێرانی، کە بڕیاربوو لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەبچێت، بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە.
 
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە یاریی نێوان ئیتحادی سعودی و سپاهانی ئێرانی بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند خولەکێک پێش دەستپێکی یارییەکە، سەرباری ئامادەبوونی یانەی سپاهان لەنێو یاریگاکەدا، یانەی ئیتحاد یاریگەی بەجێهێشت. بەشێک لە میدیاکانی ئێرانیش دانانی پەیکەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەو یاریگایە بە هۆکاری هەڵوێستەکەی ئیتیحاد دەزانن.
 
یانەی ئیتیحاد، لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لەسەر تۆڕی ئێکس، نووسیویەتی "یانەی ئیتیحاد روونی دەکاتەوە کە دوای گەیشتن بەو یاریگایەی کە بڕیاربوو یارییەکەی لەگەڵ یانەی سپاهان تێیدا بەڕێوەبچێت، لەلایەن چاودێری یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاوە ئاگادارکرایەوە کە یارییەکە بەپێی وادەی دیاریکراو بەڕێوەناچێت و تیپەکە دەتوانێت لە یاریگاکه‌ بچێتە دەرەوە. بەم پێیە شاندی یانەکەمان یاریگاکەیان بەجێهێشتووە".
 
هەروەها لە بایاننامەکەی یانە سعودییەکەدا هاتووە "یانەکەمان بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی بڕیارەکە دەکات، داواش لە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دەکات مافەکانی یانەکە بپارێزێت کە بەپێی یاسا و رێساکان گەرەنتی کراون".
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، یانەی ئیتیحاد نووسیویەتی "لەم چوارچێوەیەدا یانەکە سوپاسی کۆشش و بەدواداچوونەکانی باڵیۆزی سعودیە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزارەتی وەرزش و یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە دەکات.
 
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، رایگەیاند کە بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی داوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بابەتەکە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
 
بەگوێرەی یاساکانی فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، نابێت هیچ وڵاتێک سیاسەت تێکەڵ بە وەرزش بکات و بەگوێرەی ئەو یاسایەنە دەبێت یانە ئێرانییەکە 3 خاڵی لێ کەم بکرێتەوە و بە بڕێک پارەش سزا بدرێت. هەروەها یاری داهاتوویشی بەبێ هاندەر ئەنجام بدات و لە بەرامبەردا یارییەکە بە سەرکەوتن بە ئەنجامی 3-0 بۆ یانەی ئیتیحاد هەژمار بکرێت.
 
هەندێک لە چاودێران پێشبینی دەکەن یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا یارییەکە لە وڵاتێکی بێلایەن ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لە رووی سایسییەوە کێشە و ناکۆکی لەگەڵ ئێران دروست نەکات.