وێنە و ڤیدیۆ.. لە ئێران چی روویدا؟

03-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
پەیکەری قاسم سولەیمانی لە یاریگەی سپاهان
پەیکەری قاسم سولەیمانی لە یاریگەی سپاهان
نیشانەکردن سپاهان یانەی ئیتیحاد قاسم سولەیمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی نێوان هەردوو یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی و ئیتیحادی سعودی، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بەهۆی پەیکەرێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نەکرا، رووداوەکانی یارییەکەش زۆرترین کاردانەوەی لەسەر ئاستی هەردوو وڵات، ئاسیا و جیهانیش دروستکرد.
 
بڕیاربوو رۆژی دووشەممە یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی نەقش جهان لە ئەسفەهان بەڕێوەبچێت، بەڵام کاتی یارییەکە هات و یاریزانانی یانەی ئیتیحادی سعودی نەهاتنە نێو یاریگە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پەیکەری قاسم سولەیمانی لەنێو یاریگە دانرابوو.
 
نیو کاژێر بەسەر وادەی دەستپێکردنی یارییەکەدا تێپەڕی، هیچ نەگۆڕا، یاریزانانی سپاهان بە تەنیا هاتنە نێو یاریگە و سوپاسی پاڵپشتیی هاندەرانیان کرد، دوای ئەوە ئەوانیش یاریگەیان بەجێهێشت، یارییەکە نەکرا و هاندەران بە تووڕەییەوە گەڕانەوە ماڵەکانیان و ئیتیحادیش یاریگەی بەجێهێشت.
 
دوای ئەم رووداوانە، هەر زوو سەرپەرشتیاری یارییەکە گوتی "30 خولەکمان دایە بەرپرسانی یانەی سپاهان بۆ ئەوەی پەیکەرەکە لاببەن و یارییەکە بکرێت، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون هیچ شتێک بکەن، بەمەش ئیتیحاد رەتیکردەوە یارییەکە بکات و لە یاریگە چووە دەرەوە."

 
دوای بەجێهێشتنی یاریگە، شاندی یانە سعودییەکە راستەوخۆ چوونە شوێنی مانەوەیان و لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانە و گەڕانەوە سعودیە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئەوەی لە یاریگەی سپاهان روویدا چاوەڕواننەکراو و چاوەڕواننەکراو بوو، رووداوەکانی یارییەکە دەدرێتە لیژنەی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی یارییەکەوە."
 
یانەی ئیتیحاد لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییەوە و ئەنجامنەدانی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " دوای گەیشتنی شاندی تیپەکەمان بۆ یاریگە لەلایەن سەرپەرشتیاری یارییەکەوە ئاگادارکراینەوە کە یارییەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەناچێت و دەتوانن یاریگە بەجێبهێڵن."

 

یانە سعودییەکە دەڵێت "دوای ئەوە شاندی یانەکەمان یاریگەی بەجێهێشت، یانەی ئیتیحاد بەدواداچوون بۆ مافەکانی یانەکە و بڕیارەکانی دەکات، هەروەها داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەکات، مافەکانی یانەکە بپارێزێت کە بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنەکە گەرەنتی کراون."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەی ئیتیحاد سوپاسی هەڵوێست و بەدواداچوونەکانی باڵیۆزی سعودیە لە ئێران، وەزارەتی وەرزشی وڵاتەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە دەکات کە پاڵپشتیی یانەکەیان کردووە."
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە هاتووەتە سەرهێڵ و ئەویش راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " چاودێریی یارییەکەی عەمیدمان کردووە کە بڕیاربوو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بکرێت، ستایشی کارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەکەین کە ویستی ئەوەیان پێشانداوە یارییەکە لە کەش و هەوایەکی ئارامدا بکرێت، کە لەلایەن نوێنەری ئێمەوە لەگەڵ یانەی ئیتیحاد لە ئێران بەتەواوی ئەوە بینراوە."


فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەی ئیتیحاد دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت "فیدراسیۆنەکەمان پاڵپشتییەکی تەواوی یانەی ئیتیحاد دەکات، بۆ گرتنەبەری هەموو رێکارە یاساییەکان و پاراستنی مافەکانی."
 
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی یانەی سپاهانی ئێرانی بۆ میدیای وڵاتەکەی قسەیکرد و گوتی " ماوەی چەند ساڵێکە سێ پەیکەر لە یاریگەی نەقش جهان، پەیکەری سەردار سولەیمانی، مەحموود یاوەری و مەحموود حەریری، ئێمە میوانداریی چەندین یاریی نێودەوڵەتیمان کردووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوود و هیچ کێشەیەکمان نەبووە، یانەی ئیتیحاد کە مەشقیشی کردووە ئەو پەیکەرانە هەر هەبوون و یەکەم یانەیە رەتیبکاتەوە کە یاریی بکات."
 
بەپێی ئەو رێنماییانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەریکردوون بۆ پاراستنی مافی یانەکان، لەکاتی ئەنجامدانی یارییەکان لەسەر ئاستی کیشوەری، ئەگەری هەیە یانەی سپاهان سزابدرێت، سزاکانیشی یەکێک لەمانە بێت.
 
- هەژمارکردنی یانەکە بە دۆڕا بە 3-0.
 
- سزادانی یانەکە بەبڕێک پارە کە لە 20 هەزار دۆلار کەمتر نەبێت.
 
- ئەنجامدانی یارییەک لەنێو یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.


 
رۆژی 19-9-2023 بۆ یەکەمجار لە دوای 7 ساڵ، یانەیەکی سعودیە لە ئێران یارییکرد، کاتێک یانەی نەسڕ رووبەڕووی یانەی پێرسپۆلیس بووەوە و یارییەکەی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا لەو یانەیە بردەوە، ئەمڕۆش بڕیارە یانەی هیلال رووبەڕووی یانەی ناساجی ببێتەوە و ئەو یارییەش هەر لە ئێران بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەری هەیە رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی سپاهان و ئیتیحاد جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئاستی وەرزشی و سیاسی بەرەو خراپی ببەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە