ئەکاد عەنکاوە چاوی لە نازناوی پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی عێراق لە شاری بەسرە دەستپێدەکات، کە یانەی ئەکاد عەنکاوە وەک نوێنەری کوردستان بەشداری دەکات و چاوی لە نازناوەکەیە.
 
یەکێتیی بادمنتۆنی عێراق 7 ناوەندی تایبەت بە پێگەیاندنی یاریزانانی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کردووەتەوە، هەر بۆیە پاڵەوانێتییەکە تایبەتە بە یاریزانانی ئاستی پێشکەوتووان و خوار 19 و 17 ساڵی ئەو ناوەندانە، یارییەکانیش 3 رۆژ بەردەوامدەبن.
 
لە شاری هەولێر ناوەندی پێگەیاندنی یاریزانانی بادمنتۆن لە نێو یانەی ئەکاد عەنکاوەیە، هەر بۆیە یاریزانانی ئەم یانەیە دوای ئامادەکارییەکی زۆر و ئەزموونێکی باش لەگەڵ ڤان شەوقی راهێنەری هەڵبژاردەی بادمنتۆنی عێراق وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری پاڵەوانێتییەکەیان کردووە و چاوییان لە نازناوی کێبرکێکەیە.
 
نادر مەجید، سەرۆکی یەکێتیی بادمنتۆنی لقی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "پاڵەوانێتیەکە ئاسان نییە و یاریزانی زۆر باش بەشدارییان کردووە، بەڵام ئێمە لە شاری هەولێر ناوەندێکی باشمان لە نێو یانەی ئەکاد هەیە و یانەکە بایەخێکی زۆر بە پێشکەوتنی یاریزانانی داوە، هەر بۆیە چاومان لە بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانێتییەکەیە". 
 
شاری هەولێر دووجار میوانداری پاڵەوانێتیی بادمنتۆنی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی کردووە، یەکەم میدالیای زێڕی عێراقیش لە لایەن یاریزانان یارا ئازاد و ڤان شەوقی بەدەستهێندراوە، کە دوو یاریزانی کوردی شاری هەولێرن.