مێسی دەیەوێت یەکەم گۆڵی لە لیگ وەن تۆماربکات

03-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا یەکەم گۆڵی بە درێسی پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، لیۆنێل مێسی ئەمڕۆ هەوڵدەدات یەکەم گۆڵی لە خولی فەرەنساشدا تۆماربکات.
 
مێسی تاوەکو ئیستا لە خولی فەرەنسادا هیچ گۆڵێکی بۆ خۆی و پاریس سانجێرمان تۆمار نەکردووە، بۆیە ئەمڕۆ بەرامبەر رێن بەدوای ئەو گۆڵەدا دەگەڕێت، هاوڕێیانیشی هەوڵدەدەن یارمەتی لیۆ بدەن بۆ ئەوەی گۆڵ بکات و کاروانی راستەقینەی خۆی لە لیگ وەندا دەستپێبکات.
 
ئەمڕۆ کاژێر 14:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمان لە گەڕی هەشتەمی لیگ وەندا دەبێتە میوانی یانەی رێن، کە مێسی و هاوڕێکانی هەوڵدەدەن بەردەوام بن لەسەر ئەنجامە باشەکانی و درێژەدان بە زنجیرە سەرکەوتنەکانی، کە تاوەکو ئێستا هەموو یارییەکانی لەم وەرزەی خولی ناوخۆدا بردووەتەوە و لە 8 یارییدا 24 خاڵی بەدەستهێناوە، یاریزانەکانی 22 گۆڵیان کردووە، کە هیچ یەکێکیان لە لایەن مێسییەوە تۆمارنەکراوە.
 
رێن بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پلەی 14ـی ریزبەندیی گرتووە، بەڵام لە دوایین دوو یارییدا نەدۆراوە و ئەمڕۆ بەخۆپارێزییەوە بەرامبەر تیپە گەورەکەی پایتەخت یاری دەکات، بەهیوای ئەوەی سوپرایزێک بکات و هیچ نەبێت خاڵێکی گرنگ لە مێسی و هاوڕێکانی وەربگرێت.
 
لیۆنێل مێسی تەنیا دوو یاری لە لیگ وەندا بۆ پاریس سانجێرمان کردووە و هیوادارە لە سێیەم یارییدا یەکەم گۆڵی خۆی تۆماربکات، بۆ ئەوەی ببێتە رێخۆشکەرێک بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر بۆ یانە نوێیەکەی تۆماربکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە