سوارێز راستییەکەی ئاشکراکرد

03-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس سوارێز رۆناڵد کۆمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لویس سوارێز، ئاشکرایکرد کە ئەو جوڵەیەی لە دوای گۆڵکردن لە بارسێلۆنا کردی، هۆکارەکەی کێ بووە و ئەو پەیامەی بۆ کێ ناردووە؟، گوتیشی "هەست بەو دۆخە زەحمەتە دەکەم کە هاوڕێکانم لە بارسێلۆنا پێیدا تێدەپەڕن".
 
لە یاریی لووتکەی قۆناخی هەشتەمی لالیگادا، ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ 2-0 لە بارسێلۆنای بردەوە، کە لویس سوارێز بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی ئاسیستێکی کرد و گۆڵی دووەمیشی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد.
 
دوای ئەوەی گۆڵی لە تێرشتیگن کرد، سوارێز بە جوڵەیەک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە تەلەفۆن بۆ کەسێک دەکات و هەرزوو میدیاکان لێکدانەوەیان بۆ کرد و وا نیشانیاندا کە مەبەستی سوارێز رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسا بوو، کە بەهۆی سزادانەوە لەسەر پەیژەکانی یاریگە سەیری یارییەکەی دەکرد.
 
بە گوێرەی میدیاکان، سوارێز بەو جوڵەیە پەیامێکی بۆ کۆمان نارد و ئەوەی بەبیریهێنایەوە کە لە کاتی وەرگرتنی پۆستی راهێنەری بارسێلۆنا تەلەفۆنی بۆ سوارێز کرد و پێیگوت "تۆ شوێنت لە پێکهاتەی بارسێلۆنادا نەماوە".
 
دوای یارییەکە ئەو پرسیارەیان رووبەڕووی لویس سوارێز کردەوە؟ بەڵام ئەو رەتیکردەوە مەبەستی کۆمان بووبێت و گوتی "هەرگیز مەبەستم کۆمان نەبوو، بەڵام ئەگەر بتانەوێت بابەتەکە بەجددی وەربگرن، ئەوا پێتاندەڵێم ئەو کارەم لەسەر داوای منداڵەکانم بووە، ئەوان داوایانلێکردم ئەگەر گۆڵم کرد ئەو کارە بکەم و منیش بە گاڵتە و بۆ خاتری ئەوان وامکرد".
 
سەبارەت بە ئەنجامی یارییەکەش، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی گوتی "دڵخۆشین بەم سەرکەوتنە، ئێمە ئەوەمان بەدەستهێنا کە دەمانویست، تۆ کاتێک درێسی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەبەردەکەی زۆر گرنگە کە هەمیشە یاری ببەیتەوە، ئەرکی منە بەردەوام 100٪ لە ئاستی خۆم پێشکەشی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکەم، ئەمڕۆ ئێمە هەموو کۆششێکمان خستەڕوو بۆ ئەوەی 3 خاڵی یارییەکە بەدەستبێنین".
 
سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی کە ئاهەنگی نەگێڕا، دوای ئەوەی گۆڵی لە تۆڕی بارسا کرد؟ سوارێز گوتی "بەر لە یارییەکە بڕیارمدا ئەگەر گۆڵ بکەم ئاهەنگ نەگێڕم و داوای لێبوردن  لە جەماوەری بارسێلۆنا بکەم، نەک تەنیا لەبەرئەوەی رێزگرتنم لە بارسا و جەماوەرەکەی، بەڵکو لەبەر ئەو بارودۆخە خراپەی هاوڕێکانم لە بارسا پێیدا تێپەڕدەبن، کاتێکی زەحمەتە بۆ ئەوان، بۆیە پێویستە رێزیان بگرین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە