ڤیدیۆ؛ سادیۆ مانێ تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو دیجیتال

پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخست، سادیۆ مانێی هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

یانەی لیڤەرپوول لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا تووشبوونی مانێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە هێرشبەرەکەی لە ماڵەوە خۆی کەرەنتینە دەکات تاوەکو چاکدەبێتەوە.

لە بڵاوکراوەکەی پاڵەوانی پرێمەرلیگدا هاتووە، چەند نیشانەیەکی ڤایرۆسەکە لە مانێ دەرکەوتوون، بەڵام تووند نین و دۆخی تەندروستی یاریزانەکە باش و جێگیرە.

مانێ لە دوایین یاری یانەکەی لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر ئارسیناڵ یاری کرد و گۆڵی یەکەمی یانەکەی لەو یارییەدا تۆمارکرد، کە خۆی و هاوڕێکانی 3 - 1 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

هێرشبەری سەنیگالی سبەی ناتوانێت بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا یاری بکات، هەروەها بەشداری هەردوو یاری دۆستانەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیشی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی مەغریب و مۆریتانیا ناکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 17ـی ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە و بەرامبەر ئێڤێرتۆن یاری بکات.