ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبێنین و بارساش له‌ لیگا بمێنێته‌وه‌

03-10-2017
بارزان محەممەد
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو ـ بارسێلۆنا

بینینی یاری یاریزانێك كه‌ خۆت هانده‌ری ئه‌و یاریزانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ زۆر چێژ به‌خشه‌، كاتێك له‌ TV یارییه‌كه‌ی ده‌بینی حه‌زده‌كه‌ی به‌رده‌وام تۆپ له‌لای ئه‌و یاریزانه‌ بێت، من هه‌مان هه‌ستم به‌رامبه‌ر لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنا و هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین هه‌یه‌.

رۆژی 12/9/2017 یاری نێوان بارسێلۆنا و یوڤێنتوس، له‌ یاریگه‌ی كامب نو به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی ئه‌و یارییه‌ بم، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ كه‌تالۆنیا بووم، گه‌لی كه‌تالۆنیا سه‌رگه‌رمی بانگه‌شه‌ی گشتپرسی بوون، له‌ هه‌موو شوێنێك دروشمی SI واته‌ (به‌ڵێ) هه‌ڵواسرابوو، كه‌تالۆنیا رۆژی 11/9/2017 بانگه‌شه‌ی گشتپرسی ده‌ستپێكردبوو، ئه‌و رۆژه‌ سێرجی رۆبێرتۆی یاریزان و جۆسێپ ماریا بارتۆمۆی سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆناش ئاماده‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌ستپێكی گشتپرسییه‌كه‌ بوون، كه‌ به‌ دانانی تاجه‌گولینه‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری شه‌هید ده‌ستیپێكرد. ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ كاریگه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر هانده‌راندا هه‌بوو.

رۆژی یارییه‌كه‌، تكتێكی یارییه‌كه‌م كڕی و له‌ كاژێر 2ی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ره‌و یاریگه‌ی كامپ نو رۆیشتم، له‌وێ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ دانیمارك، ئۆسترالیا و ئینگلته‌را و زۆربه‌ی وڵاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌وروپا بۆ بینینی ئه‌و یارییه‌ له‌نێو كامپ نو ئاماده‌بوون.

سه‌یری گه‌وره‌یی و جوانی یاریگه‌یان ده‌كردو به‌شێكیشیان  له‌ مۆزه‌خانه‌ی بارسێلۆنا سه‌یری ئه‌و نازناوانه‌یان ده‌كرد، كه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ده‌ستی هێنابوون، منیش چوومه‌ نێو مۆزه‌خانه‌كه‌و وێنه‌شم له‌گه‌ڵ تۆپه‌ ئاڵتوونییه‌كانی مێسی گرت، زۆر

ربه‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له‌وێبوون هانده‌ری بارسێلۆنا بوون، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكیان قسه‌مكرد، ده‌یانگوت ئێمه‌ هانده‌ری بارسێلۆناین و حه‌زده‌كه‌ین ئه‌و یانه‌یه‌ به‌رده‌وام براوه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ش ده‌یانگوت بارسێلۆنا له‌ یوڤێنتوس ده‌باته‌وه‌.
كاتێك كاژێر گه‌یشته‌ 4ی دوای عه‌سر، ورده‌ ورده‌ هانده‌رانی یانه‌ كه‌تالۆنییه‌كه‌ به‌ره‌و نێو یاریگه‌ ده‌هاتن، رێوشوێنێكی ئه‌منی توند گیرابووه‌ به‌ر، زۆربه‌ی هانده‌ران به‌ ئاڵای كه‌ته‌لۆنیاو به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی "به‌ڵێ بۆ گشتپرسی" به‌ره‌و ناو یاریگه‌ ده‌هاتن.
یه‌كێك له‌ هانده‌رانی بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ كچه‌ هاوڕێكه‌ی له‌نێو یارگه‌ ئاماده‌بوون، له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی بارسێلۆنا له‌ لالیگا و پرسی سه‌ربه‌خۆیی پرسیارێكم لێكردن، كوڕه‌كه‌ گوتی "ئێمه‌ نامانه‌وێ له‌ لالیگا نه‌مێنین، ده‌مانه‌وێ بارسێلۆنا هه‌ر له‌ لالیگا به‌رده‌وام بێت و ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كان بكات، به‌ڵام پرسی سه‌ربه‌خۆیی پرسێكی نیشتمانییه‌و ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین، واته‌ ده‌مانه‌وێ له‌ هه‌ردووكیان به‌ده‌ستبێنین".

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كه‌تالۆنیا گشتپرسی بكات و سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێ، ئه‌وا یانه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ لالیگا دوورده‌خرێنه‌وه‌.
كه‌متر له‌ كاژێرێك بۆ ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌ مابوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ و شه‌قامه‌كانی نزیك كامب نو، زیاتر له‌ هه‌زاران كه‌س وه‌ستابوون، هه‌ریه‌كه‌و له‌ ده‌رگه‌ی خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵخی دروستبكه‌ن، ده‌چوونه‌ نێو یاریگه‌و هه‌ریه‌كه‌و له‌ شوێنی تكته‌كه‌ی خۆی داده‌نیشت.

ئه‌وكاته‌ی چوومه‌ نێو یاریگه‌ هه‌ستێكی زۆر خۆشم هه‌بوو، دروشمی یاریزانان بۆ گشتپرسی ته‌واوی ئه‌و یاریگه‌یه‌ی داگرتبوو، سه‌دان پۆلیس بۆ ئارامی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و هه‌لیكۆپتریش له‌ ئاسمانه‌وه‌ چاودێری ره‌وشی ئه‌منی ده‌كرد.

پێش ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌ هانده‌رانی بارسا هه‌موویان به‌ یه‌كده‌نگ هاواریان ده‌كرد "به‌ڵێ بۆ گشتپرسی".

ساڵی پێشوو یوڤێنتوس، یانه‌ی بارسێلۆنای له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا ده‌ركردبوو، بارسا و هانده‌رانیشی بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌نێو یاریگه‌بوون، له‌ چه‌ندین یاریشدا لیۆنێل مێسی گۆڵی له‌ گۆڵپارێزی یوڤێنتوس جیانلۆیجی بۆفۆن نه‌كردبوو.

له‌ دڵی خۆمدا ده‌مگوت خوایه‌ له‌م یارییه‌ مێسی گۆڵ بكات، هه‌رواش ده‌رچوو، له‌ یارییه‌كه‌دا لیۆنێل مێسی دوو گۆڵی له‌و گۆڵپارێزه‌ش تۆماركرد.
كاتێك یاری ته‌واوبوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی گرژی و قه‌ره‌باڵخی دروستبێت، له‌ ماوه‌ی 5 خوله‌ك ته‌واوی یاریگه‌ چۆلبوو، كارمه‌ندانی یاریگه‌ ده‌ستیان به‌ پاككردنه‌وه‌ كرد، كه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موو هانده‌رانی نێو یاریگه‌ به‌ ئاڵای كه‌تالۆنیا ده‌ستیان به‌ بانگه‌شه‌ بۆ گشتپرسی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئیسپانیا وه‌ربگرێ.

به‌شێكیش له‌ یاریزان و كه‌سایه‌تییه‌ وه‌رزشییه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ ئاشكرا پشتگیریان بۆ گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كه‌ته‌لۆنیا ده‌كرد، كه‌ دیارترینیان جێرارد پیكێ و چاڤی هێرناندێز و پیپ گواردیۆلا بوون.

رۆژی 1/10/2017 له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان برینداركردن، له‌ یه‌كیِك له‌ وڵاته‌ دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه‌تالۆنیا گشتپرسی ئه‌نجامدا، زیاتر له‌ 700 كه‌س له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیسپانیا برینداركران، چونكه‌ رێگه‌ی ده‌نگدانیان لیده‌گیرا. به‌ڵام كه‌ته‌لۆنیا ده‌نگی به‌ گشتپرسیدا.
به‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كه‌تالۆنیاش ره‌نگه‌ جارێكی دیكه‌ بارسێلۆنا له‌ لالیگا نه‌بینینه‌وه‌و ئیدی كلاسیكۆش كۆتایی دێت، كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بارسێلۆنا له‌ خولی ئینگلیزی فه‌ره‌نسی یاخود ئیتاڵی یاری بكات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە