ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ وادەی وازهێنانی ئاشکرا دەکات

03-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسر، باس لە وادەی وازهێنانی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت "هەرکاتێک بزانم ناتوانم زیاتر پێشکێشبکەم دەڕۆم."
 
رۆناڵدۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکەم یارییان لە نەیشنسلیگدا بەرامبەر کرواتیا گوتی "پاڵنەری راستەقینەی من ئەوەیە بێمە هەڵبژاردەی نیشتمانی و نازناوی نەیشنسلیگس ببەینەوە، ئەوە رکابەریی داهاتوومانە و ئامادەکاریی بۆ دەکەین، بەباشترین شێوە راهێنان دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاقیکردنەوەیە، ئێمە جارێک نازناوەکەمان بردووەتەوە و دەمانەوێت دووبارەی بکەینەوە، ئەمە پاڵنەری منە و رەنگە چەندجارێک ئەمە دووبارەبکەمەوە و باسی هەمان شت بکەمەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لێ ناکامەوە و هەمیشە لە ماوەکەی کورتدا بیری لێدەکەمەوە."
 
کریستیانۆ زیاتر دەڵێت "کاتێک هەستمکرد ناتوانم زیاتر پێشکێشبکەم، یەکەم کەس دەبم لە هەڵبژاردەکە دەڕۆم، ئەمە ژیانە و بە ویژدانێکی ئارام و پاکەوە وەکو هەمیشە دەڕۆم، چونکە دەزانم من کێم، دەزانم چیم پێدەکرێت، دەزانم چی بکەم و دەیکەم و بەردەوام دەبم، بۆیە بەشێوەیەکی ئەرێنی رووبەڕووی ئێستا دەبمەوە، چونکە بەلای منەوە تۆپی پێ گرنگترین شتە و رووبەڕووی هەموو ساتەکان دەبمەوە، هەموو پاڵەوانێتییەکان، ئەم پاڵەوانێتییە نایابە، هەست بە دڵخۆشی دەکەم، لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ و پاڵەوانێتی ئەوروپیشدا بەهەمان شێوە، پێموایە بەشداریکردنمان لە یۆرۆدا ئەرێنی بوو، هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک وازدەهێنم درەنگ یان زوو نازانم، یەکەم کەس دەبم بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێم، بۆیە بەلای منەوە هەرگیز کێشە نییە و هیچ کێشەیەکم نییە."
 
گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکان لەبارەی رەخنەگرنتەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "رەخنە پێویستە، ئەگەر رەخنە نەگیرێت، گەشەکردنیش نابێت، ئەمە شتێکی ئاساییە و من لەگەڵی راهاتووم و هەمیشە وا بووم، ئایا ئێستا دەگۆڕێم؟ بەهۆی ئەوەوە؟ نەخێر، هەوڵدەدەم تاوەکو دەتوانم بەشێوەیەکی پیشەگەرانە رێگەی خۆم دروستبکەم، هەوڵدەدەم بەباشترین شێوە یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی و یانەکەم بدەم و لە رێگەی پیشەگەرییەوە، نەک تەنیا بە گۆڵکردن، بەڵکو بەبێ گۆڵکردنیش و بە پاسی یەکلاکەرەوە و لە رێگەی رێکخستنەوە، تۆپی پێ زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا یاریکردنی باش، گۆڵکردن و ئاسیست کردن بێت، تۆپی پێ زۆر لەوە زیاترە."
 
دۆن رۆناڵدۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دوای گەیشتنم بە گۆڵی 899، ئایا هێشتا دوو دڵم بۆ گەیشتن بە 900، 901 یان 902؟ ئەمانە گۆڵی زۆرن، گۆڵی زۆر بوون، ئیدی بۆ من وانییە، ئەوەی لەم ساتەدا و لەم ساڵانەی دواییدا من دەجوڵێنێت ئەو خۆشییەیە کە هەستی پێدەکەم کاتێک دەچمە مەشق و راهێنانەکان و یارییەکان، رکابەری دەکەم و ئێستاش هەست دەکەم کاتێک رکابەری لەگەڵ تیپێک دەکەین ئەمە گرنترین شتە بەلای منەوە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا بۆ مۆندیالی 2026 ئامادەدەبێت؟ رۆناڵدۆ گوتی "هەستدەکەم لە بارودۆخێکی زۆرباشدام، بەڵام ئێمە لە ساڵی 2026 نین و ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئێستا کاتیکی باشە و لە دۆخێکی باشدا دەژیم، ئەمە شتێکی زۆر ئەرێنییە بۆ من، هەوڵدەدەم لە نەیشنسلیگدا کارێکی باش بکەین، بەڵام نێوان ئێمە و 2026 چیرۆکێکی درێژ هەیە."
 
رۆژی پێنجشەممە لە یەکەم یارییاندا لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال میوانداری هەڵبژاردەی کرواتیا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە