پیۆلی باسی دێربیی میلانۆ دەکات

03-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ستیفانۆ پیۆلی دێربیی میلانۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان، سەبارەت بە یاریی دێربیی میلانۆ، رایگەیاند، ئینتەر و میلان بەباشی یەکدی دەناسن، دێربیش هەر بە دێربی دەمێنێتەوە، گوتیشی "لە یارییەکەی ئەمڕۆدا هەندێک بارودۆخ دەتوانن جیاوازی دروست بکەن".
 
ئەمشەو کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی پێنجەمی سێریا ئەیدا، یاریی دێربیی میلانۆ، کە بە دێربیی تووڕەیی ناسراوە، لەسەر یاریگەی سانسیرۆ لە نێوان ئەی سی میلانۆ و ئینتەرمیلان بەڕێوەدەچێت.
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "ئینتەر و میلان بەباشی یەکدی دەناسن، دێربیش هەر بە دێربی دەمێنێتەوە. یارییەکی بەهێز دەبێت و بەریەککەوتنێکی زۆر دەبێت، هەر کامەمان زۆرترینیان یەکلاییبکاتەوە چانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت".
 
راهێەنری میالان لە درێژەی قسەکانیدا، لەبارەی یارییەکەوە گوتی "هەندێک بارودۆخ دەتوانن جیاوازی دروست بکەن، هەربۆیە دەبێت زۆر وردبین بین، دەبێت ستایل و شێوازی یاریکردنمان بسەپێنین بەبێ گوێدانە بەرامبەرەکەمان. بیرۆکەی تایبەتمان هەیە و دەمانەوێت جێبەجێی بکەین، دەبێت خۆمان بۆ هەر یارییەک ئامادە بکەین وەک ئەوەی دوایاری بێت".
 
پیۆلی سەبارەت بە پێکانی فلۆرێنزی و هاتنی دێستیشەوە قسەی کرد و گوتی "هەموومان دڵتەنگین بۆ فلۆرێنزی، ئەو سەرکردەیە لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگادا، ستافی پزیشکی هەوڵدەدەن ماوەی ئامادەنەبوونی ئەو دیاری بکەن. دێست کوالیتی و ریتم و هێزی هەیە، لە باڵ یاری دەکات، بەڵام دەتوانێت لە شوێنی دیکە لە پێشەوەش یاری بکات".
 
راهێنەری میلان لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "بە لەبەرچاوگرتنی پێکانەکانی تیپەکە، دیڤۆک ئۆریگی لەسەر کورسی یەدەگ دەبێت، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هەمیشە لەگەڵمانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە