گریزمان لە هەڕەشەی هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەترسێت

03-09-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

ئینریکی سیریزۆ سەرۆکی یانەی ئەتلێتیکۆ مەدرید تەئکید دەکاتەوە، ئەستێرەی یانەکەی ئەنتوان گریزمان پێویستە خۆی بۆ کاردانەوەی هاندەران ئامادە بکات و لەو دۆخە تێبگات، ئەگەر هات و هاندەران لەدژی فیکەیان لێدا، یان کاردانەوەی بریندارکەریان لە دژی نواند، دوای تێپەڕینی دوو وەرز لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، رەنگە ئەوە چاوەڕوانکراو بێت.


ئینریکی سیریزۆ، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، سەبارت بە گەڕانەوەی ئەنتوان گریزمان قسەی بۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی کردووە و گوتی: "گریزمان بەشێوەیەکی سەیر یانەکەمانی جێهێشت، بەڵام لەم هاوینە وای نیشاندا، شەیدای گەڕانەوەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەندێک لە هاندەران هەن کە حەز بە گەڕانەوەی ناکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش بە گەڕانەوەی دڵخۆشن. لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە ئاستێکی نایاب پێشکێش بکات و هەست بکات باشترین تیپی دڵخوازی بەدەستهێناوە".

هەروەها سەرۆکی یانە مەدریدییەکە ئەوەشی گوت: "ئەو لە هەلومەرجێکی زۆر نایابدا بۆ نێو تیپەکەمان گەڕاوەتەوە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنیت، کە خواستی گریزمان ئەوەیە بۆ رۆخێبلانکۆس یاریی بکات، دەبێ لەوەش تێبگات، ئەگەر هاندەران بە فیکەکردن وەڵامی گەڕانەوەیان دایەوە، نیگەران نەبێت، چونکە ئێمە هۆکارێک نەبوون، تاوەکو ئەو یانەکەمان جێبهێڵێت، بەڵام لە کۆتاییدا پەرۆشییەکی زۆر لەلایەن گیرزمانەوە هەبوو، بۆ ئەوەی لە بارسێلۆنا یاریی بکات".

رۆژنامە مەدریدییەکە لە سیریزۆ دەپرسێت، ئایا ئەو تیمەی ئێستای ئاتلێکۆ مەدرید باشترینە؟ لە وەڵامدا سەرۆکی ئاتلێتیکۆ گوتی: "لەسەر کاخەز، گرنگترین پڕۆژەین لەسەر ئاستی کۆکردنەوەی ژمارەیەک ئەستێرەی تۆپی پێ، بەڵام هەموو وەرزێک رووبەڕووی کۆمەڵێک ئالگاری گەورە دەبینەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی پاڵەوانی لالیگای وەرزی رابردوو گوتی: "یەکێک لەو ئامانجانەی کە دەبێت بۆ خۆمانی دابنێین ئەوەیە، لانیکەم بگەینە قۆناخی چارەگی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، جیهان دەڵێت، دەبێت ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ بەدەستهێنانی هەموو نازناوەکان تێبکۆشێت، چونکە خاوەنی تیپێکی نایابین و راهێنەرێکی گەورە و بەئەزموونمان هەیە کە 10 ساڵی پڕ لە دەستکەوت و سەرکەوتنی پێبەخشیوین". 


گریزمان لە دوایین رۆژی ماوەی مێرکاتۆی هاوینە بەشێوەی خواستن لەگەڵ بژاردەی واژۆکردنی گرێبەست، لە یانەی بارسێلۆناوە گەڕایەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید. ئەمە لەکاتێکدا بەشێوەیەک یانەکەی جێهێشت کە تاوەکو ئێستا هاندەرانی یانە مەدریدییەکە لە ئەنتوان تووڕەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە