ریال مەدرید ئەرکێکی نوێ بە کەریم بنزیما دەسپێرێت

03-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بێجگە لەوەی لەنێو یاریگەدا زۆر متمانەی بە کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی یانەکەیەتی، لە دەرەوەی یاریگەشدا ئەرکێکی نوێی پێڕاسپاردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی شاهانە بە رۆژنامەکانی ئیسپانیای راگەیاندووە، کە یانەی ریال مەدرید ئەرکی رازیکردنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بە کەریم بنزیما سپاردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێمباپێ بەکاربهێنێت بۆ هاندانی ئەو یاریزانە بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکەی پاشگەز نەبێتەوە.

یانەی پاریس سانجێرمان هەموو هەوڵ و دەستەوارەکانی ریال مەدریدی رەتکردەوە، کە دەیویست گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ بکات، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە نرخی دوایین دەستەوارەی ریال مەدرید بۆ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە گەیشتە 200 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام یانەی پاریسی سووربوو لەسەر مانەوەی ئێمباپێ لەم وەرزەدا لە ریزەکانی، بێ گوێدانە ئەوەی کە لە هاوینی داهاتوودا دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە.

کیلیان ئێمباپێ راشکاوانە رایگەیاند کە خەونی ئەو لەبەرکردنی درێسی ریال مەدریدە و داواشی لە سەرۆک و کارگێڕیی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید، بەڵام بێسوود بوو.

رۆژنامەکانی مەدرید باس لەوە دەکەن کە کیلیان ئێمباپێ بەڵێنی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز داوە هاوینی داهاتوو راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێرێز ترسی لەوە هەیە لە ماوەی مانەوەی لەم وەرزەدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە بەڵێنەکەی پاشگەز ببێتەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە، بۆیە ئەرکی رازیکردنی ئێمباپێی بە بنزیما سپاردووە، کە هاوڕێی نزیکی یەکدین.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "زۆر گرنگە ئێمباپێ تا کۆتایی لەسەر بەڵێنەکەی بمێنێتەوە، بنزیماش کلیلی رازیکردنی ئێمباپێیە و پێرێز و بەرپرسانی یانەی شاهانە متمانەیان بە بنزیمایە و ئەو راستییە دەزانن کە هەر ئەویش دەتوانێت وایلێبکات لە بەڵێنەکەی پاشگەز نەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر ریال مەدرید نەگۆڕێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە