ڤیدیۆ؛ بەرازیل بەبێ 9 یاریزانی سەرەکی لە چیلی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل، درێژەی بە ئاستی بەرز و سەرکەوتنەکانی دا و بەبێ بەشداریکردنی 9 لە یاریزانە سەرەکییەکانی، سەرکەوتنێکی گرنگی لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەدەستهێنا، کە بە تووندی دەستی بە پێشەنگی ریزبەندییەوە گرتووە.

لە گەڕی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی سامبا بەبێ زۆرینەی یاریزانە سەرەکییەکانی، ئەوانەی لە پرێمەرلیگ یاری دەکەن، بووە میوانی چیلی و بە زەحمەت و بە ئەنجامی 1 - 0 لێیبردەوە.

لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکەدا، چیلی باشتر یاریکرد، بەڵام بەرازیلییەکان دەیانزانی چۆن بەرگری لە گۆڵەکەیان بکەن و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتییهات.

لە نیوەی دووەمیشدا، خاوەن یاریگە نزیکتربوون لە گۆڵکردن و چەندین هێرشیان کردە سەر گۆڵی بەرازیل، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، تاوەکو لە خولەکی 64 و لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا، ئیڤێرتۆن ریبێرۆ گۆڵی پێشکەوتن و سەرکەوتنی بۆ سامبا بەدەستهێنا و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات.

بەم ئەنجامە بەرازیل ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 21 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیدا، کە لە 7 یارییدا 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 17 گۆڵی کردووە و تەنیا 2 گۆڵی لێبووە، چیلیش گەڕایەوە پلەی حەوتەم، کە تەنیا 6 خاڵی هەیە.

بەرازیل و ئەرجەنتین رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە گەڕی 8ـی ئەم پاڵاوتنانەدا یاریی کلاسیکۆی زەوی ئەنجام دەدەن، یارییەکە لە بەرازیل بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەوڵدەدات سوود لەم یارییەدا لە ئامادەنەبوونی زۆربەی یاریزانە سەرەکییەکانی بەرازیل وەربگرێت و 3 خاڵی گرنگ لە بەرازیل بباتەوە و جیاوازی نێوانیان کەم بکاتەوە.

دوایین یاریی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە بەر لە دوو مانگ بەڕێوەچوو، کە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا بوو، ئەرجەنتین لەنێو یاریگەی ماراکانای بەنێوبانگ لە بەرازیل بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکە و نازناوەکەی بردەوە.