تایبەت؛ لە دواساتەکانی بازاڕی گواستنەوە چی روویدا؟

رووداو-هەولێر 

بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەفەرمی لە زۆربەی خولە گەورەکانی ئەوروپا کۆتاییهات و داخرا، بە هەزاران گرێبەست و بە ملیارەها یۆرۆ لە بازاڕەکە و لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکران.

لە رۆژی کۆتایی بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بە تایبەت لە دواساتەکاندا گەرموگوڕییەکی زۆر بە بازاڕەکەوە بینرا، گەورەترین گواستنەوە وەک هەمیشە لە ماڵی ناسر خلێفی و پاریس سانجێرمان روویدا، دوای ئەوەی ماورۆ ئیکاردیی ئەرجەنتینی بە شێوەی خواستن روویکردە ئەو یانەیە، پاریس مافی کڕینەوەی ئیکاردی هەیە و ساڵی داهاتوو بە 70 ملیۆن دەتوانێ ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، مووچەی ساڵانەکەشی ئێستا 5  ملیۆن یۆرۆیە.


هەر لە یانەی پاریس سانجێرمان ئاڵوگۆڕپێکردنی گۆڵپارێزەکەیان واتا ئاریۆلا بە کەیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدرید روویدا، دوای ئەوەی هەردوولا بەخواستن رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاریۆلا بچێتە ریال مەدرید و ناڤاسیش بچێتە پاریس.


پاریس بە گواستنەوەی ناڤاس دانەنیشت و سێرجیۆ ریکۆی گۆڵپارێزی یانەی سێڤییاشی گواستەوە.

لە خولی ئیسپانیاش یانەی بارسێلۆنا گرێبەستی رافینای نوێکردەوە  و بەخواستن دای بە یانەی سێلتا ڤیگۆ بۆ ماوەی یەک وەرز.

گەرموگوڕیی بازاڕەکە لە ئیتالیا بوو، سەرەتا یانەی میلان ئانتی رێبیچی کرواتی گواستەوە و لەگەڵ ئاندرێ سیلڤای پۆرتوگالی ئاڵوگۆڕی پێکرد، سیلڤا چووە ئینتراخت فرانکفۆرت و ئانتی رێبیچیش چووە میلان، بەخواستن.



یانەی رۆما هەرزوو گرێبەستی هێنریک مخیتاریانی راگەیاند، گواستنەوەکەش بە خواستن و بە سێ ملیۆن بوو، دوای مخیتاریان، نیکۆلا کالینیچیش گەیشت کە ئەویش هەر بە خواستن بوو بە دوو ملیۆن یۆرۆ، رۆما بە هێنانی کالینیچ دەستبەرداری پاتریک شیکی چیکی بوو بۆ یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.

یانەی فیۆرێنتینای ئیتالیش سێ گواستنەوەی لە دواساتەکاندا کرد، یەکەمیان گواستنەوەی پێدرۆی بەرازیلی بوو لە یانەی فلۆمینێنسییەوە بە 17 ملیۆن یۆرۆ، دواتر بۆبی دونکانی ئینگلیزی لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە ڤیۆلاوە کرد، دوای ئەویش رەشید غەزالی جەزائیری لە لێستەر سیتییەوە روویکردە فلۆرێنسا.

یانەی تۆرینۆش دوو گرێبەستی لە دێدلایندا کرد، یەکەمیان سیمۆنی ڤێردی بوو لە ناپۆلییەوە بە خواستن گواستییەوە، سەمیر ئوجکانیی گۆڵپارێزی ئەلبانیش یەکێکی دیکە بوو لە گرێبەستەکانی تۆرینۆ.

یانەی برێشیا دوو گواستنەوەی بەیەکەوە راگەیاند، یەکەمیان ئالیساندرۆ ماتری بوو لە یانەی ساسۆلۆوە و ئەوەی دیکەش رۆمولۆی یاریزانی جێنەوا بوو.

یانەی پارما گواستنەوەی ماتیۆ دارمیانی یاریزانی مانچێستەر یونایتدی بە یەک ملیۆن و نیو راگەیاند.

هەرچی یانەی یوڤێنتوسیشە کوانگ سۆنگی یاریزانی کۆریای باکووری لە یانەی کالیارییەوە گواستەوە، ئەو یاریزانە تەمەنی 20 ساڵانە و نرخەکەی پێنچ ملیۆن یۆرۆیە.

لە تورکیاش یانەی گالاتاسەرای لە دوای گواستنەوەی فالکاو، گرێبەستێکی دیکەی واژۆکرد ئەویش ماریۆ لێمینای یاریزانی ساوسامپتۆن بوو.

یانەی فێنارباخچەش گواستنەوەی لویز گۆستاڤۆی یاریزانی مارسیلیای راگەیاند بە شەش ملیۆن و نیو .

نیکلاس بێندتنەری دانیمارکی لە یانەی رۆزەنبێرگەوە روویکردە یانەی کۆپێنهاگن بەخۆڕایی.

خیسێ رۆدریگێزی ئیسپانی لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە بە خواستن چووە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنای پۆرتوگالی.

ئەمە جگە لەوەی یانەی ناپۆلی سەر لە بەیانی رۆژی دوو شەممە فێرناندۆ یۆرێنتی لە تۆتێنهامەوە گواستەوە.

یانەی سێڤییاش چیچاریتۆی پێشکەشی دەزگاکانی راگەیاندن کرد و ژمارە 14ـی پێبەخشی.