لیستی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست ئاشکراکرا


رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی پاڵێوراوەکانی باشترینەکانی بۆ وەرزی 2017-2018 راگەیاند.

لیستی کۆتایی ئەو یاریزانانەی رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ دەکەن راگەیێندرا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ناوی لیۆنێل مێسی و ئانتوان گریزمانی تێدانییە، هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، لوکا مۆدریچی کرواتی و محەممەد سەڵاحی میسری رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن.



فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناوی ئەو سێ راهێنەرەی ئاشکراکردووە کە رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵ دەکەن، راهێنەرەکانیش دیدێ دیشامپ، راهێنەری فەرەنسا و پاڵەوانی مۆندیالی 2018، زلاتکۆ دالیچ، راهێنەری کرواتیا دووەمی مۆندیال و زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدن.

لەسەر ئاستی گۆڵپارێزان هەریەکە لە هوگۆ لۆریس، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی فەرەنسا، تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەلجیکا و کاسپەر شمایکل، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی دانیمارک، رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز دەکەن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان رۆژی 24ـی ئەم مانگە لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە لەندەن باشترینەکانی وەرزی رابردوو دەستنیشاندەکات.