مووچەی یاریزانان سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ بارسێلۆنا دروستکردووە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کێشەی دارایی و بەرزیی مووچەی ژمارەیەک یاریزانەوە، بارسێلۆنا رووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو بووەتەوە، یانەکە بیر لە کەمکردنەوەی مووچەی ژمارەیەک یاریزان دەکاتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، بەرزیی مووچەی هەریەکە لە کلیمێنت لینگلێ، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و فرێنکی دی یۆنگ، گوشاری زۆری لەسەر توانا داراییەکانی بارسێلۆنا دروستکردووە.
 
بارسێلۆنا کاری زۆر دەکات بۆ بەڕێکردنی لینگلێ کە وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن یاریی بۆ ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی کرد، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە یانەکە. بەپێی سەرچاوەکان لینگلێ ساڵانە 12 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆنا وەردەگرێت.
 
تاوەکو ئێستا، یانەکانی سعودییە، بە فەرمی گرێبەستیان پێشکێشی ئەو یاریزانە فەرەنسییە کردووە، بەڵام ئەو چوونە دەرەوە لە ئەوروپا رەتدەکاتەوە.
 
لینگلێ لە وەرزی رابردوودا تەنیا لە 25 یاریدا لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا دەرکەوت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، چارەسەربوونی کێشەی لینگلێ، کۆتایی بەکێشە داراییەکانی بارسێلۆنا ناهێنێت، چونکە هێشتا هەریەکە لە فرێنکی دی یۆنگ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی خاوەنی مووچەی زۆر بەرزن لە یانەکەدا.
 
دی یۆنگ 33 ملیۆن و لیڤاش 30 ملیۆن یۆرۆ، مووچەی ساڵانە وەردەگرن. لە کاتێکدا دەبێ بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی نوێدا، یەکێک لە ئەستێرەکانی بفرۆشێت، تاوەکو بتوانێ سیستمی بنمیچی مووچەی یاریزانانی تایبەت بە دەستەی لالیگا جێبەجێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە