گواردیۆلا: ئیدی لەگەڵ یاریزانەکانم زۆر بڵێی ناکەم

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی گوتی چیدی لە پشووی نێوان گێمەکانی یارییەکاندا لەگەڵ یاریزانەکانم زۆربڵێی ناکەم.
 
قسەکانی گواردیۆلا، پەیوەندی بەو سزایەوە هەیە کە هەفتەی رابردوو دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ بەسەر مانچێستەر سیتیدا سەپاندی بەهۆی دواکەوتنی لە سەنتەرشکاندن لە سەرەتای یارییەکان و سەرەتای گێمی دووەمی یارییەکانی لە پرێمەرلیگ.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، بڕی دوو ملیۆن پاوەند سزای مانچێستەر سیتیدا، لەبەرئەوەی لە ماوەی دوو وەرزدا، 22 جار لە شکاندنی سەنتەر و لێدانی یەکەم لە سەرەتای یارییەکان و گێمی دووەمی یارییەکاندا، دواکەوتبوو.
 
لەبارەی ئەو سزایەوە کەبەسەر یانەکەدا سەپێنراوە، گواردیۆلا کە ئێستا لەگەڵ تیپەکەی لە کەمپی مەشقە لە ئەمریکا، گوتی، "لە هەواڵەکاندا بینیم کە سزادراوین. لەمەودوا هەوڵدەدەم قسەکانم بۆ یاریزانان لە نێوان گێمەکاندا کورتتر بکەمەوە".
 
پێپ، هەروەها باسی ئینزۆ مارێسکای راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی کردووە، کە پێشتر یاریدەدەری خۆی بووە.
 
گواردیۆلا دەڵێ، "زۆر دڵخۆشم بۆی، ئێمە ساڵێکی خۆشمان پێکەوە هەبوو، ئەو کەسێکی خۆشەویست و نایابە، ماڵباتەکەشی بەهەمان شێوە".
 
زیاتر گوتوویەتی، "ئەو کارێکی بڕواپێنەکراوی کرد لە لیستەر، تیپەکەی گەیاندە پرێمەرلیگ، ئێستاش راهێنەری یەکێک لە پێنج یان شەش باشترین یانەی خولەکەیە. هیوادارم باشتر بێت، چونکە ئەو کەسێکی باشە، کەسە باشەکان شایستەی بەختی باشن".
 
هەروەها دەڵێ، "کاتێک راهێنەریت، مانای ئەوەیە کە لە قووڵاییتدا باوەڕت بەشتێک هەیە، ئەنجامەکان هەرچی بن، من دەست بەبیرۆکەکانی خۆمەوە دەگرم، هەرلەبەوەی باوەڕم بەو کارە هەیە کە دەیکەین. ئەویش بەهەمان شێوەیە دەزانم کە سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بەڵام نازانم کەی".
 
لەبارەی توانای ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری تیپەکەیەوە، پێپ گواردیۆلا گوتی، ئەم بەیانییە قسەم لەگەڵداکرد، ئەو گوتی هەستم بەباشی کردووە، هیوادارم بتوانێت بەرامبەر چێڵسی کەمێک یاریی بکات.
 
مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەرەبەیانی سبەی یارییەکی دۆستانە لە ئەمریکا ئەنجامدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە