ئەو ئەستێرەیەی بارسا چاوی لەسەر بوو وێستهام بە خۆڕایی بەدەستیهێنا

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن وێستهام پرێمەرلیگ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی وێستهامی ئینگلیزی لە ماوەی تەنیا 48 کاژێردا گواستنەوەی سێ یاریزانی یەکلاکردەوە.
 
یانەی وێستهام کە دەیەوێت بەپێکهاتەیەکی بەهێزترەوە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی پرێمەرلیگ دەستپێبکات، لە ماوەی تەنیا 48 کاژێردا گواستنەوەی سێ ئەستێرەی یەکلایی کردەوە و چاوی بڕیوەتە ناوەڕاستکاری هەڵبژارەی فەرەنسا و یانەی ئیتیحادی سعودی، ئێنگۆلۆ کانتێ.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، وێستهام بەفەرمی ئەنجامدانی گرێبەستەکانی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی وردەکاریی گواستنەوەی هەرسێ یاریزانەکە بۆ یانە ئینگلیزییەکە کۆتایی هاتووە و راگەیاندنیان لە ئان و ساتدایە.
 
بەپێی ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، یانەی وێستهام سەرکەوتووبوو لە بەدەستهێنانی تواناکانی سەمەرڤیل، یاریزانی هۆڵەندی و ئەستێرەی پێشووی یانەی لیدز یونایتد، بە گرێبەستێک کە نرخەکەی بە 25 ملیۆن پاوەند خەمڵێنراوە. ئەو یاریزانە 22 ساڵییە لە وەرزی رابردوودا لە خولی چامپیۆنشیپی ئینگلیزی توانی 20 گۆڵ بکات و نۆ گۆڵی دیکەش دروست بکات.
 
لە هەمان کاتدا وێستهام لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی یەکێک لە ئەستێرە گرنگەکانی یانەی دۆرتموند سەرکەوتووبوو. سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی گواستنەوەی نیکۆلاس فۆلکرۆگی ئەڵمانی بۆ یانەی وێستهام کۆتایی هاتووە.
 
فۆلکرۆگ لەگەڵ یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە وەرزی رابردوودا بەشداری لە 26 گۆڵ کردووە.
 
هاوکات، بەپێی سەرچاوەکان، گویدۆ رۆدریگێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی پێشووی یانەی ریال بێتیس کە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنا، بە خۆڕایی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی وێستهامەوە کرد.
 
وێستهام خۆی بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ماکس کیلمانەی یاریزانی ولڤێرهامتن راگەیاندووە.
 
کیلمان کە تەمەنی 27 ساڵە، بەبڕی 40 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بەوێستهامەوە کردووە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن ئامانجی نزیکی داهاتووی وێستهام لە بازاڕی گواستنەوەدا، ئێنگۆلۆ کانتێی ناوەڕاستکاری ئیتیحادی سعودیە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یۆرۆی 2024 ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکرد.
 
هاوکات، وێستهام هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی وان بیساکای یاریزانی مانچێستەر یونایتد، لە کاتێکدا پێشتر ئەو یانەیە رایگەیاندووە ئامادەیە گوێ لەدەستەوارەی هاتوو بۆ کڕینی بیساکا بگرێت، ئەگەر گونجاو بێت.
 
وێستهام لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا، رۆیشتنی داڤید مۆیسی راهێنەری راگەیاند و یولیان لۆپیتیگێی بەراهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرد.
 
بەفەرمی راگەیاندنی گرێبەستی ئەو سێ یاریزانە، کۆی خەرجییەکانی وێستهام لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەند بەرز دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە