لە گوندی ئۆڵیمپیی پاریس دزی دەکرێت و فەرەنسا دەڵێ تاوانکاریی کەمیکردووە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی پاریس 2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەکان دەڵێن، چەند رووداوێکی دزی لە گوندی ئۆڵیمپیی پاریس، کێشەی بۆ رێکخەرانی بۆنە نێودەوڵەتییەکە دروستکردووە. لە بەرامبەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، بەهۆی چڕی رێوشوێنە ئاسایشییەکانەوە، تاوانکاری لە شارەکەدا کەمیکردووە.
 
بەپێی ئەوەی سەرپەرشتیارانی گوندەکە رایانگەیاندووە، چەند سکاڵایەک لای پۆلیس تۆمارکراوە کە پەیوەستە بەدزیی لە وەرزشڤانانی نێو گوندە ئۆڵیمپییەکە.
 
گوندی ئۆڵیمپیی، شوێنی کۆبوونەوە و مانەوەی سەرجەم وەرزشڤانانی بەشدار لە ئۆڵیمپیادەکانە.
 
ئاژانسی 'کیۆدۆ'ی ژاپۆنی دەڵێ، یاریزانێکی رەگبی حەوتیی لە هەڵبژاردەی ژاپۆن لە ژوورەکەی خۆیدا لە گوندی ئۆڵیمپی، ئەڵقەی هاوسەرگیری و بڕێک پارەی لێدزراوە.
 
پێشتر خافیێر ماسکیرانۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی ئەرجەنتین ئاشکرایکردبوو، یاریزانانی هەڵبژاردەکەی لە گوندی ئۆڵیمپی، دزییان لێکراوە.
 
ئان دیێکا، گوتەبێژی ئۆڵیمپادی پاریس ئاشکرایکردبوو، سکاڵا لەسەر هەندێک رووداوی دزی لای پۆلیس تۆمارکراون.
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "ئێمە پشتگیریی تەواوی نێردە و شاندەکان و وەرزشڤانان دەکەین و گوندەکە شوێنێکی ئارام و پارێزراوە".
 
گوتەبێژەکە دەڵێ، زیاتر لە 180 کامێرای چاودێری لە گوندەکەدا دانراون و پابەندین بەوەی ناوچەکە بکەینە شوێنێکی پارێزراو بۆ وەرزشڤانان.
 
لە گوندی ئۆڵیمپیدا شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی 14 هەزار وەرزشڤان کراوەتەوە و رووبەرەکەی 128 دۆنمە.
 
لە نزیک گوندی ئۆڵیمپی بنکەیەکی پۆلیسی فەرەنسا هەیە، بەڵام پۆلیس لە نێو گوندەکەدا بوونیان نییە.
 
لای خۆیەوە، جیرالد دارمانان، وەزیری نێوخۆی فەرەنسا پەسنی پلانە ئاسایشییەکانی پاراستنی ئۆڵیمپیادی کرد و گوتی رێوشوێنەکان بوونەتە هۆکاری پاشەکشەی تاوان لە پاریس.
 
وەزیرە فەرەنسییەکە لە کاتی سەردانی بۆ بنکەیەکی پۆلیس لە پاریس گوتی، بەهۆی بوونی بەردەوام و کارکردنی بەردەوامەوە، هەفتەی یەکەمی ئۆڵیمپیاد پاشەکشەی لە رووی تاوانەوە تێدا تۆمارکراوە.
 
ئەو وەزیرە ئاشکرایکردووە، دزی بەڕێژەی 24 لەسەد کەمیکردووە، دزینی ئۆتۆمبێل 10 لەسەد کەمیکردووە. هەروەها تووندوتیژی لە نێو هۆکارەکانی گواستنەوەدا بەڕێژەی 40 لەسەد کەمیکردووە.
 
دارمانان دەڵێ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس دەستگیرکراون لە پاریس و 180 کەسیان وەک گومانلێکراو لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون.
 
وەزیری نێوخۆی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، چەندین هەوڵی ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە بەپاڵنەری تیرۆریستی بەریان پێگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە