لەپارەی یارییە دۆستانەکانیشدا ریال مەدرید لە بارسێلۆنا زیاتر وەردەگرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ماوریسیۆ پۆچەتینۆ، ریال مەدرید کلاسیکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان بڕی ئەو پارەیەیان ئاشکراکردووە کە هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، لە گەشتی ئامادەسازییان لە ئەمریکا دەستیاندەکەوێت و روونیانکردووەتەوە، لە پارەی گەشتەکەشدا، ریال مەدرید لە بارسێلۆنای زیاتر دەستدەکەوێت.
 
بارسێلۆنا و ریال مەدرید، کەمپی مەشق و ئامادەسازیی خۆیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدەدەن و لەوێش چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدەن.
 
هەردوو یانە، بەرەبەیانی سبەی لە کلاسیکۆیەکی دۆستانەدا، لەسەر یاریگەی ماتلایڤ ستادیۆم لە نیوجێرسی سیتی بەیەگدەن.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یاریگەی ماتلایڤ جێگەی 82 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و زۆینەی زۆری بلیتەکانی یارییەکەی کلاسیکۆ کەلەسەر ئەو یاریگەیە ئەنجامدەدرێت، فرۆشراوە.
 
روونیکردووەتەوە، نرخی بلیتەکانی یارییەکە لە 10 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 543 دۆلار. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن نرخی بلیتەکانی یارییەکە لە بازاڕی رەشدا، زۆر بەرز بووەتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هەردوو یانە ئیسپانییەکە، هەریەکەیان لەبەرامبەر بەشداریکردن لە کلاسیکۆ دۆستانەکەدا بڕی پێنج ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەگەرچی پاداشتی هەردوو یانە لە کلاسیکۆدا وەک یەکە، بەڵام لە کۆی گشتیدا ریال مەدرید پارەیەکی زیاتر لە بارسێلۆنای دەستدەکەوێت لە گەشتەکەی ئەمریکادا.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، یانەی بارسێلۆنا لە رووبەڕووبوونەوەی یانەی مانچێستەر سیتیدا سێ ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە، هەمان بڕە پارە بەرامبەر یاریی داهاتووی کە بەرامبەر میلانی ئیتاڵییە وەردەگرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بڕی پاداشتی ریال مەدرید لە یارییەکانیدا زیاترە، چونکە بۆ یارییەکەی میلان بڕی 3 ملیۆن و نیو یۆرۆ وەردەگرێت کە لە شیکاگۆ ئەنجامیدا و بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندی لە کاتێکدا هەمان بڕی پارە لە یارییەکەی بەرامبەر چێڵسی وەردەگرێت.
 
ریال مەدرید و بارسێلۆنا خۆیان بۆ وەرزی نوێی رکابەریی پاڵەوانێتییە جیاوازەکان ئامادە دەکەن. ریال مەدرید رۆژی 14ی ئەم مانگە یاریی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر ئاتاڵانتای ئیتاڵی ئەنجامدەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە