ئەنچیلۆتی: لەبەر ئەم حەوت هۆکارە ڤینیسیۆس باڵۆن دۆر دەباتەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر باڵۆن دۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، مشتومڕی براوەی ئەمساڵی باڵۆن دۆری یەکلاکردەوە و گوتی، ئەوەی تۆپە ئاڵتوونییەکە دەباتەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆرە.
 
لە کاتێکدا ڤینی و بێلینگهام لە ریال مەدرید و رۆدری لە مانچێستەر سیتی، بە بەربژێری سەرەکیی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵن، هەندێک سەرچاوە و کەسایەتیی وەرزشی، باس لە شایستەیی دانی کارڤاخالی یاریزانی ریال مەدرید دەکەن، بەبردنەوەی باڵۆن دۆر.
 
لە کاتێکدا دەگوترێ یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، کیلیان ئێمباپێی، یاریزانی نوێی ریال مەدرید و پێشووی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە.
 
دوایین کەس کە پشتگیری ئەو بۆچوونەی کرد، خامیس رۆدریگێزی یاریزانی کۆڵۆمبی بوو کە گوتی کارڤاخال شایستەی باڵۆن دۆرە.
 
راهێنەری ریال مەدرید، ئێستا چوار یاریزانی چاویان لە خەڵاتە گەورەکەیە، بەڵام ئەو پێیوایە هیچ یاریزانێک هێندەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکە نییە.
 
ڤینی لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا. لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداری کۆپا ئەمێریکای کرد، بەڵام هەرزوو ماڵئاوایی لەو پاڵەوانێتییە کرد.
 
ڤینیسیۆس لە وەرزی رابردوودا 24 گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ یانەکەی تۆمارکردووە و 11 ئەسیستی هەبووە. لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند، گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد.
 
راهێنەری ریال مەدرید، بەشداری لە پۆدکاستێکدا کردووە، لەوێ کۆتایی بەمشتومڕی براوەکەی باڵۆن دۆر لای خۆیەوە هێنا و گوتی، "ڤینیسیۆس جۆنیۆر نازناوی باڵۆن دۆری ئەمساڵ دەباتەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دانی کارڤاخال ئاستێکی زۆر باشی هەبوو، خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگی بردەوە لەگەڵ ریال مەدرید و لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیشدا گۆڵی تۆمارکرد و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش باڵۆن دۆری بردەوە".
 
ئەنچیلۆتی، 65 ساڵ، حەوت هۆکاری دەستنیشانکردووە بۆ شایستەیی ڤینیسیۆس لە بردنەوەی باڵۆن دۆر و دەڵێ، "ڤینی، یاریزانێکی بەهرەمەندە، گەنجە، وێنەیەکی جوانی هەیە، لالیگای بردووەتەوە، چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، لە پێشکۆتایی و کۆتایی چامپیۆنزلیگ گۆڵی تۆمارکردووە، دوو گۆڵیشی لە بایرن میونشن کردووە".
 
ئەنچیلۆتی هەروەها دەڵێ، "بێلینگهامیش وەرزێکی ناوازەی هەبوو، چامپیۆنزلیگ و لالیگای بردەوە، بەهۆی ئاستی بەرزییەوە سوپرایزێکی گەورە بوو، هەروەها بووە باشترین یاریزانی لاوی ئەوروپا".
 
لەبارەی رۆدرییەوە، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێ، "رۆدریش بەهەمان شێوە ناوەڕاستکارێکی نایابە، یەکێکە لە باشترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، ئاستی جێگیرە و زۆر ناوازەیە، پێموایە بۆ یاریزانان بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە باڵۆن دۆر گرنگترە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە